قائیمقامیەتی سلێمانی: گەراجێک سەر شەقام و شۆستەکان بدات بە کرێ سزا دەدرێت

  2023-05-23  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان و بەهۆی بەکرێدانی شەقامی بەردەم پارکەکانی ئۆتۆمبێل، لیژنە هاوبەشەکان خاوەنی ئەم شوێنانە روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکاتەوە.

دانا عوسمان، سەرۆکی لیژنەی هاتوچۆی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، شەقام و شۆستەی بەردەم پارکەکانی ئۆتۆمبێل موڵکی گشتین و بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل و بەکرێدان نیە، لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان و بەهۆی بەکرێدانی شەقامەکان لەلایەن خاوەن پارکەرکانی ئۆتۆمبێل بەتایبەت ناوبازاڕ، لیژنەکە رێکاری یاسایی بەرامبەر چەند شوێنێک گرتوەتەبەر و سزای یاساییان بەسەردا دەسەپێنێت.

باسی لەوەشکردوە، بە پێی یاسا، شەقامەکان موڵکی گشتین و بەکارهێنان بۆ هاوڵاتیانە و هەرکەسێکیش بیەوێت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکاریبهێنێت و کرێی وەستانی ئۆتۆمبێل لەو شوێنانە لە هاوڵاتی وەربگرێت، لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە روبەڕوی رێکارە یاساییەکان دەکرێتەوە.

سەرۆکی لیژنەی هاتوچۆی قائیمقامیەتی سلێمانی دەشڵێت، پارککردنی ئوتومبێل لەشەقامەکان و گەڕەکەکان بەتایبەتی ناوبازاڕ قەدەغەیە، چونکە دەبێتە هۆی دروستبونی قەرەباڵغی و ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان، باشتر وایە لەناو پارکەکانی ئوتومبێل رابگیرێت، بۆ ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە روبەڕوی سزا و غرامەکردن نەبنەوە.

لە راگەیەندراوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەوەش هاتوە، هەر خاوەن گەراجێک ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان لەسەر شەقام یان شۆستەی نزیک گەراجەکەی رابگرێت و کرێی لێوەربگرێت، شۆفێرەکە دەتوانێت سکاڵای لەسەر بکات و لیژنە هاوبەشەکان ئاگاداربکاتەوە.  


ڕیکلام