وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ سلێمانی تەرخان دەکات و دەلێت، "تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ پرۆژەی خزمەتگوزارییە".
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، وەزیری شارەوانی ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار و ٦٤٤ ملیۆن دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شاری سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشداوە، گوژمەکە بریتییە لە (٤،٦٤٤،٦٣٧،٥٠٠) چوار ملیار و شەش سەد و چل و چوار ملیۆن و شەش سەد و سی و حەوت هەزار و پێنجسەد دینار و لەسەر ڕێژەی ١٠٠%ی داهاتی فرۆشتنی زەویی شارەوانی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بۆ جێبەجێکردنی ١٤ پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی.
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، پرۆژەکان پێکهاتوون لە بواری کردنەوەی شەقام و کۆنکرێتکردن و دروستکردن و درێژکردنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆ و گەیاندنی خزمەتگوزاری و قیرتاوکردنی شەقامەکان و دابینکردنی قیری شل و سووتەمەنی بۆ گارگەی قیری تانجەڕۆ، لەگەڵ چەند بوارێکی تری خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی