فەرماندەیی كۆماندۆ: ناهێڵین خوێنی گەشی شەهیدانمان بە هەدەر بڕوات

  2023-09-19  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەڵێت، گەلی كوردستان و براكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر دڵنیا دەكەینەوە، كە پێكەوە دەبینە دەستێكی پۆڵاین بۆ ڕیسواكردنی بەكرێگیراوان و خاك فرۆشان و چاوساغانی بێگانە و ناهێڵین خوێنی گەشی شەهیدانمان بە هەدەر بڕوات، كە مەرامیان وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە.

لە راگەیەندراوەكەی فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستاندا هاتووە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18ی 9ی 2023 هێرشێكی تیرۆرستی كرایە سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت لە سلێمانی، كە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی شەش لە برا و هاوسەنگەرەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەكەین، كە لە چوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە، كە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە، ماوەیەكە هەر جارە و بە بیانویەك ئەم سنورە دەكرێتە ئامانج.

فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان راشیگەیاندووە،" گەلی كوردستان و براكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر دڵنیا دەكەینەوە، كە پێكەوە دەبینە دەستێكی پۆڵاین بۆ ریسواكردنی بەكرێگیراوان و خاكفرۆشان و چاوساغانی بێگانە و ناهێڵین خوێنی گەشی شەهیدانمان بە هەدەر بڕوات، كە مەرامیان وەك رۆژی رووناك دیارە."



ڕیکلام