ڕزگار حاجی حەمە: دواخستنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر هەڵبژاردن "موماتەڵە" نییە بەڵکو دادگا دەیەوێت بڕیارێکی دروست بدات

  2023-12-03  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی، ڕاگەیاند، دواخستنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بەو سکاڵایەی یەکێتی کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم تۆماری کردبوو، "موماتەڵە" نییە. بەڵکو دادگا دەیەوێت بڕیارێکی "تەندروست"بدات و بەدواداچوونی زیاتر بکات لەسەر ئەو بابەتە.

ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێم وانیە دادگا موماتەڵە بە بڕیارەکەوە بکات، دیارە دەیەوێت بڕیارێک بدات تەندروست بێت، وردەکاری و بە دوادچوونی زیاتر بکا."

ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت،"ئەمڕۆ وادەی دادگایی کردن بوو، هەموو بەڵگەو داتاکان خرانە ڕوو، ئەو پرسیارانەی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردبوو، لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی کوردستان بەسەر چەند بازنەیەکدا و کورسی کۆتاکان هەمووی وەڵام دراوەتەوە، دادگاش ماوەیەکی تری دیاری کردووە بۆ ئەوەی بڕیارێک بدات کە وردەکاری و بەدواداچوون بێت."

بە گوێرەی نوسراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دوێنێ شەممە، 2ی مانگی 12 بڵاو کراوەتەوە، هەرێمی کوردستان بەسەر(سێ) بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەکرێت و پارێزگای سلێمانی (چوار) کورسی کۆتای بەردەکەوێت.

ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت، بڵاو کردنەوەی نوسراوەکەی کۆمسیۆن، وەڵامێک بووە بۆ پرسیارێکی دادگای فیدڕاڵی و کۆمسیۆنیش وەک پێشنیار وەڵامی داوەتەوە.

وتیشی،" کۆمسیۆن وەڵامێکی فەنییان داوەتەوە، هەرێم سێ پارێزگایە وپارێزگای زیاتری نییە و کۆتاکایش دابەش دەکرێن بەسەر سێ پارێزگاکەدا."

 
 
 
 
 


ڕیکلام