قوباد تاڵەبانی: هیچ شتێك بیانوو نییە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن

  2023-12-07  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ژن لە كۆمەڵگەی ئێمە بەهێز و خاوەن ئیرادەیە و دەبێت كۆمەڵگەش باوەڕی بە یەكسانی ژن و پیاو هەبێت.

لەچوارچێوەی بەرێوەچوونی كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ژن لە ئاوێنەی كۆمەڵگە و مێژوودا لەزانكۆی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پانێڵكدا باسی لەگرنگی رۆڵی ژن كرد لەكۆمەڵگەدا و رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری توندوتیژی دەبێت لە ماڵەوە دەستپێبكەین و هیچ شتێك بیانوو نییە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بەژن، ئەوەشی خستەروو: لەم چەند ساڵەدا گرنگییەكی زیاتر دراوە بە حاڵەتەكانی توندوتیژی و ژن كوشتن، وتیشی:دەبێت كەناڵەكان بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەكانی توندوتیژی بكەن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، زیادبونی ژن له‌ پۆسته‌ جێبه‌جێكاره‌كان پێویسته‌ و هه‌مو راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاشكرایان كردوه‌ كه‌ "پیاو له‌ ژن گه‌نده‌ڵتره‌، ژن له‌ پیاو ئازاتره‌، ئه‌مه‌ قسه‌ی من نییه‌، با تاقی بكه‌ینه‌وه‌ و پیاوه‌كان كابینه‌یه‌ك بچنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، دڵنیام باشتر ده‌بن".

قوباد تاڵه‌بانی داوایكرد كه‌ "بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ نه‌ریتی كورده‌واری، ئه‌گه‌ر سه‌یری وشه‌ی هاوسه‌ر بكه‌ین جوانترین نمونه‌یه‌ بۆ یه‌كسانی، ته‌نانه‌ت له‌ ئینگلیزیدا جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان وشه‌ی پیاو و ژن به‌ڵام له‌ كوردیدا وانییه‌، ده‌بێت ئه‌و باوه‌ڕه‌ دروستبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێشتر هه‌بوه‌ و ژن و پیاو ده‌بێت به‌ یه‌كچاو سه‌یر بكرێن و هه‌مان چاوه‌ڕوانیشیان لێبكرێت".


ڕیکلام