سەرۆککۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت: پێویستە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسێکانی گەندەڵی بکرێت و ڕێگری بکەین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغداد لەگەڵ زیاد جەنابی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە و رایگەیاند: پێویستە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسێکانی گەندەڵی بکرێت و هەوڵی جددیش بدرێت بە مەبەستی دانانی سنورێک بۆ رێگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی لیژنەکە نەهیڵدرێت بۆئەوەی رۆڵی چاودێرییەکەی لەسەر وەزارەت و دەستە و دامەزراوە جیاجیاکان بە باشی جێبەجێ بکات.
سەرۆککۆمار جەختیشکیردەوە، پێویستە کارەکانی لیژنەی دەستپاکی سەربەخۆ بێت و دوور بێت لە کاریگەرییە سیاسییەکان بۆئەوەی بنەماکانی دەستپاکی بڵاوببێتەوە و پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هاوڵاتیان و دامەزراوەکانی دەوڵەت دروست ببێت.
لای خۆیەوە، زیاد جەنابی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لیژنەکەیان بەپێی ستراتیژی پاراستنی سامانی گشتی کار دەکات و رۆڵی چاودێریکردنیش لە عێراق گەشەی کردووە بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان لە دژی ئەوانەی لە گەندەڵی تێوەدەگلێن.