پەرلەمانتارێکی پێشوی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەر چوار بڕگەکەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە موچەی فەرمانبەران وشەی (الزام)ی تێدایە، نەمانی کۆتاکان هۆکاری نوێنەرەکانیان بوو کە لەبری نوێنەرایەتی بۆ پێکهاتەکانیان نوێنەرایەتییەکان بۆ لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکرد.
ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری پێشوی عێراق ڕایگەیاند، "دەستخۆشی لەمامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی و خۆراگر دەکەم کەبەرهەمی جوانترین خۆپیشاندانیان بەئەنجام گەیشت".
دەشڵێت، "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچە چواربرگەیە هەرچوار بڕگەکە وشەی (الزام) واتە پابەندبوون لەسەرەتای بڕگەکە هاتووە هەر خۆدزینەوەیەک لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە بکرێت دڵنیابن ئەمڕۆش نا سبەی یان لەکاتێکی نزیکدا خۆتان دەبیننەوە کە هەرچی ماڵ و موڵکی دزراو هەیە کە لەم میلەتە بەشمەینەتەتان دزیوە حجز دەکرێت و خۆشتان دوورنییە قەدهغەی سەفەرتان لێنەکرێت، چۆن واتان کرد گەنجی ئەم وڵاتە بەقاچاخ بگاتە هاندەران ئێوەش بەرپرسانی هەرێم دەبێت بەڕێگای قاچاخ وڵات بەجێ بهێڵن".
باسی لەوەشکرد، بەرپرسیاری نەمانی کۆتای تورکمان و ئەرمەن و مەسیحی بە پلەی یەکەم لەئەستۆی ئەو بەناو نوێنەری ئەم کۆتایانە بوون کە لەبری نوێنەرایەتی پێکهاتەکانیان نوێنەراتی لایەنەسیاسیەکانیان دەکرد، بەرپرسیاری دووەم پارتی دیموکراتە کەنەیهێشت ئەو پێکهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت.