پۆمپیۆ: ڕێگری لەتاران دەکەین ببێتە خاوەنی چەکی چینی و ڕوسی

  2020-09-15  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێگری دەکات لە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی روسی و چینی.

پۆمپیۆ لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی "فرانس ئینتەر" ڕایگەیاند "تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ شتێک بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو گەمارۆیە درێژ بکەنەوە، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت" ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ بوونی ناکۆکی لە نێوان ئەمریکا و ئەوروپا لەو بارەیەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێگری لە ئێران دەکەین لە بەدەستهێنانی تانکی چینی و سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕوسیا، هەروەها فرۆشتنی چەک بە حزبوڵای لوبنان هەموو هەوڵەکانی ئیمانۆئیل ماکرۆن بەفیڕۆ دەدات لە لوبنان.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ لەڕیککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا کشایەوە، لەدوای ئەوەش سزای قورسی بەسەر ئێران سەپاند و هەمیشە تۆمەتباری دەکات بەوەی پشتیوانی لە تیرۆر دەکات، بەڵام ئێران بەردەوام ئەو تۆمەتانەی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی بۆ بواری ئاشتییە.



ڕیکلام