فازیل میرانی: كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی زۆرن و كێشەی كۆنن

  2020-09-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی زۆرن و هی دە ساڵ و ئەوانە نیە، بەمزوانەش كۆبونەوەی نێوان یەكێتی و پارتی ئەنجام دەدرێت و دوای ئەوەش كۆبونەوەی لایەنەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی زۆرن و هی دە ساڵ و ئەوانە نیە، بەمزوانەش كۆبونەوەی نێوان یەكێتی و پارتی ئەنجام دەدرێت و دوای ئەوەش كۆبونەوەی لایەنەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت. 

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند: بەم زووانە كۆبونەوەی فراوانی پارتی و یەكێتی بەڕێوەدەچێت بەڵام ئێستا چاوەڕێی یەكێتی-ن، نیازێكیش هەیە بۆ كۆبونەوەی هەموو لایەنە سیاسیەكان لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم.

 ناوبراو راشیگەیاند "كێشەی پارتی و یەكێتی زۆرن، كێشەی كۆنن هی دە ساڵ و بیست ساڵیش نییە، نە ئەوەی لەدڵی پارتیدایە كە بەسەر یەكێتی بێت جێبەجێدەبێت نە ئەوەی كە لەمێشكی یەكێتیدایە كە بەسەر پارتی بێت جێبەجێدەبێت ئەم دوو شتە دەبێت هەردووكیان لە مێشكی خۆیان دەربهێنن قەدەر وایە دەبێت پێكەوە یەكتری قبوڵ بكەن و پێكەوە بژین."

ئەو روونیكردەوە " لەوانەیە هەریەك لەوانە بیەوێت ئەوی تر نەمێنێت، بەڵام بیانەوێت و نەیانەوێت هەردوكیان دەمێنن چونكە نەخۆیان پێیان دەكرێت و نەبڕیاری خۆیانە.

ڕاشیگەیاند "ئەگەر هەردوولامان بەرژەوەندیەكانی ئەم میللەتە بەدبەختەی لەبەرچاو بگیرێت دەكرێت بۆ ناكرێت، ئەوە عەرەب و ئیسرائیل پێك دێن ئیتر بۆچی ئێمە پێكنەیەین".

دەربارەی پەیوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی تر؟ سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی" گۆڕان شەریكی ئێمەیە لە پەرلەمان و لە حكومەت شەراكەت ئەركی هەیە و مافی هەیە، بەڕاستی ناكرێت نەئێمە و نەیەكێتی و نەگۆڕان لەسەر بەڕەكە لەگەڵ حكومەتدا بین و لەژێر بەڕەكە لە ئۆپۆزیسیۆن بین، "شەراكەت ئیستحقاقی" خۆی هەیە هەم لەئەرك و هەم لەمافەكان. مرۆڤ ئەگەر شەریكی یەكتربن گلەیش لە یەكتری دەكات".

میرانی دەشڵێت "ئەم حیزبانە هەمووی كێشە و گرفتی ناوخۆیان هەیه ئەندام پەرلەمانی گۆڕان هەیە گوێ نادات بەجڤاتی نیشتیمانی ئەندام پەرلەمانی گۆڕان هەیە لەبەغدا گوێ نادات بە سیاسەتی حیزبەكەی لەوانەیە لای ئێمە تاك بەتاك ئەگەر هەبێت زۆر كەمە ئەمە خۆهەڵكێشان نییە بەڵام هەر حیزبێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەو مەركەزیەت و دیموكراتیەی یەكتریان بەستووە لەناو ئێمەدا لەناو حیزبەكانی تردانییە".

ئەو رەخنە لە لایەنە سیاسیەكان دەگرێت و دەڵێت "ئەوان دەڵێن ئەو بێ ئیلتیزامەیە ئازادی ڕادەربڕینە ئازادی رادەربڕین لەچوارچێوەی ڕێكخستنەكەدا دەبێت، بۆ نمونە من ئەندامی سەركردایەتی پارتیم بۆچونێكم هەیە دەبێت لەناو كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا ئەو بۆچوونە بڵێم بەڵام كە لەكۆبوونەوەكە دەرچووم من پابەندم بەو بڕیارەی كە لەكۆبوونەوەكە هەیە، ناكرێت لە ڕاگەیاندن بچم بڵێم "وەڵا" پارتی وا دەكات بەڵام بۆچوونی من وایە ئەگەر بۆچوونی تۆ وایە بۆ لەناو ئەو حیزبە دایت".

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی وتیشی هەندێك پەرلەمانتاری گۆڕان "خۆزگە هەر دژی حكومەتی هەرێم بن بەڵكو هەر دژی هەرێمەكەن، كێشەی بەدبەختی كورد لەوەدایە بچن بەحكومەتی عێراقی بڵێن ئەو فیدڕاڵیەتە ڕەتبكەنەوە باسیستەمی پارێزگاكان بێت و جارێكی تر ئەم هەموو خوێن و ڕاپەڕین و ئەو هەموو ئیمتیازەی قەومی كە هەمانە نەمێنێت".

بەپرسەكەی پارتی وتیشی "من دەڵێم برادەرانی گۆڕان خۆیان نیگەرانن، خۆیان نیگەرانی ئەم بارودۆخەن و هەوڵیانداوە چاكی بكەنەوە وەجۆرێك ناكۆكی كەوتە ناو كوتلەكەی برادەرانی گۆڕان بەڵام "ئینشااللە" پیاوچاكەكانی گۆڕان بتوانن ئەو بارودۆخە چارەسەر بكەن هەم بۆ بارودۆخی خۆیان هەم كاریگەری نەبێت بۆخۆیان و شەریكەكانیان."

لەبارەی رەتكردنەوەی كۆبونەوەیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی دەڵێت " مەبدەئێك هەیە لە یاسادا پێی دەڵێن "علاقەی سەبەبی" كەیەكێك شتێكی خراپی كردووە بەپەیوەندیەكانی ئێمەی بەو كەسە بەڵام نەدۆستایەتی هەمیشەیی هەیە و نەدوژمنایەتی هەمیشەیی هەیە، ئێمە و برایانی شیوعی و سۆشیالست و یەكێتی و بزوتنەوەی ئیسلامی و كۆمەڵ دنیایەك كێشە و یەكتر كوشتن و بڕین خۆ ئێمە نابێت ئەسیری دوێنێ بین ئێمە دەبێت ئەسیری ئەمڕۆ بین و بەرە و سبەینێ بڕۆین."


ڕیکلام