تۆمەتبارێك دوای روبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پۆلیس كوژرا

  2020-10-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شەوی رابردوو لە روبەڕبوونەوەیەكدا لەگەڵ پۆلیس تۆمەتبارێك دەكوژرێت و ئەفسەرێكی پۆلیسیش بە پلەی موقەدەم بریندار دەبێت.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەش فەرمانی دەستگیركردن لەلایەن دادگاكانی دهۆك و زاخۆوە بۆ تۆمەتبارێك بە ناوی فەرهاد عیسا كە تەمەنی 37 ساڵان دەرچوو بوو بەڵام خۆی رادەست نەكردبوو لە قەزای زاخۆ دەهاتوو دەچوو. 

شەوی رابردوو پۆلیسی پارێزگای دهۆك لە هەوڵدابووە  لە كاتژمێر 11:30 خولەكی  لە سەر رێگای نێوان زاخۆ و دهۆك لە بەنزینخانەی باوەڕ دەستگیر بكات بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبووە خۆی رادەست بكات رووبەڕووی هێزەكانی پۆلیس بووەتەوە. 

ئەو روونیشیكردەوە لە ئەنجامدا ئەفسەرێكی پۆلیس بە پلەی موقەدەم بە ناوی شڤان حاجی بریندار بووە، تۆمەتبارەكەش بە گوللەیەك گیانی لەدەستداوە، ئێمە خۆشحاڵ نەبووین بە كوژرانی ئەو ئەو تۆمەتبارە و برینداربوونی ئەفسەرەكەشمان. 

بە گوێرەی زانیاریەكان ئەو تۆمەتبارە، پێشتر بۆ اوەی 15 ساڵ زیندانی سزا دراوە،  بەگوێرەی مادەی 393 و 419ی یاسای سزادانی عێراقی، بەڵام دوو ساڵ پێش ئێستا ئازاد بووە، كەسوكاری ئەو تۆمەتبارە سكاڵای یاساییان تۆماركردووە. 

پۆلیسی دهۆك ئەوشەی راگەیاند پێشتریش ئەو تۆمەتبارە پۆلیسێكی بریندار كردووە و لەدوای كوژرانیشی چەند پارەچە چەكێك لە ناو ئۆتۆمبێلەكەیدا دەستی بەسەرداگیراوە، لەگەڵ چەند كەرەستەیەكی مادەی هۆشبەر.