دادگای سلێمانی لەبارەی هێرشكردنە سەر چێشتخانەكەی سلێمانی راگەیەندراێكی بڵاوكردەوە

  2020-11-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی هێرشكردنە سەر چێشتخانەكەی سلێمانی راگەیاند و دەڵێت، دادگاكان بەپێی یاسا توندترین ڕێكاری یاسایی بەرامبەر هەركەسێك دەگرنە بەر كە بیەوێت ئارامیی شار تێكبدات.

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی  لەبارەی هێرشكردنە سەر خاوەنی چێشتخانەیەك لە سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "لەسەر سكاڵای خاوەنی چێشتخانەكە و بەفەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە هەموو ئەو كەسانە دەستگیركراون و ‌ئێستا راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە". 

دادگاكە ئاماژەی بەوەشكردووە "سەرجەم هاوڵاتیانی بەڕێز دڵنیا دەكەینەوە كە دادگاكان بەپێی یاسا توندترین ڕێكاری یاسایی بەرامبەر هەركەسێك دەگرنە بەر كە بیەوێت ئارامیی شار تێكبدات و دڵەڕاوكێ بڵاو بكاتەوە و تاوان ئەنجام بدات". 

پاش ئەوەی دوێنێ‌ چەند كەسێك هەڵئەكوتنە سەر چێشتخانەیەكی شاری سلێمانی و ئازاری‌ خاوەنەكەی دەدەن، پۆلیس رایگەیاند كە ئەو كەسانەیان دەستگیر كردووە و دادگاش ئەوەی وتووە، بەهیچ جۆرێك چاوپۆشیی لە هیچ كەسێك ناكرێت.

دوای نیوەڕۆی دوێنێ بەهۆی كێشەی نێوان خاوەن موڵكێك و كرێچیەكەی ژمارەیەك چەكدار كە بەشێكیان بەرگی سەربازیان لەبەردا بوو هێرش دەكەنە سەر چێشتخانەی وەستا كامەران و بە گوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەك كە لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بڵاوكرایەوە بەشێویەكی تون دلە خاوەنی چێشتخانەكە دەدەن.