لاهور شێخ جەنگی سەردانی ئەو چێشتخانەیەی کرد کە هێرشیکرایەسەر

  2020-11-23  | 
سلێمانی
لاهور شێخ جەنگی سەردانی ئەو چێشتخانەی کرد کە هێرشیکرایەسەر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەردانی ئەو چێشتخانەیەی کرد کە هێرشیکرایەسەر و رایگەیاند، هەمیشە پشتیوانی سەروەربونی یاسا دەکەم و ناهێڵین کەس لەژێر سێبەر و سایەی ئێمەدا یاساشکێنی بکات.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ۲٠۲٠/۱۱/۲۳ سەردانی چێشتخانەی کامەرانم کرد لەعەقاری".

وتیشی "ئەم سەردانە دوای ئەوە بوو کەچەند کەسێکی نابەرپرس بەزەبری چەک پەلاماری خاوەنی چێشتخانەکەیاندا، ئەم جۆرە هەڵسوکەوت وڕەفتارانە لەهیچ کەس قبوڵ ناکرێت وسەرپێچیکاران دەبێت ڕوبەڕوی دادگا بکرێنەوە".

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان راشیگەیاند، "دەستخۆشی لە دەزگائەمنییەکان و بەتایبەتی پۆلیسی سلێمانی دەکەم کە لەماوەیەکی کەمدا توانیان تاوانباران دەستگیربکەن، هەمیشە پشتیوانی سەروەربونی یاسا دەکەم وناهێڵین کەس لەژێر سێبەر وسایەی ئێمەدا یاساشکێنی بکات".

پاشنیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە ٢٢ی١١ی٢٠٢٠، ژمارەیەک کەس بە چەکە و جلی سەربازییەوە هەڵیانکوتایە سەر چێشتخانەی کامەران لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی و دوای رووداوەکە خاوەنی چێشتخانەکە رایگەیاندبوو، "ژمارەیەک کەس بە دوو ئۆتۆمبێلی جام رەش و چەکەوە کە بەشێکیان جلی سەربازیان لەبەردا بوو، کاتژمێر 1:30 خولەکی نیوەڕۆ هەڵیانکوتایە سەر چێشتخانەکەمان و لێیانداین و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردین ."

ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەکاتێکدا ئەوان لەو چەکدارانەیان پرسیوە هۆکاری ئەو کارەیان چییە و بۆچی وادەکەن؟، بەڵام چەکدارەکان هەر لێیان داون و جنێویان پێداون و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون، راشیگەیاندبوو، نازانن ئەو کەسانە سەر بە چ کەس و لایەنێکن.

دواتر عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەو كەسانەی هێرشیانكردە سەر چێشتخانەكەی گەڕەكی عەقاری دەستگیركراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەستیپێکردووە.



ڕیکلام