پەرلەمانتارێک: ئەمساڵیش بەشێکی زۆری هاوڵاتیان لە نەوتی سپی بێبەش دەبن

  2020-11-23  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، ئەمساڵیش بەشێکی زۆری هاوڵاتیان لە نەوتی سپی بێبەش دەبن.

کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، لە مانگی (٤)ی ٢٠٢٠ و بەر لە (٧) مانگ یاداشتێکی چارەسەرماندا بە حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی دوو کێشەی سەرەکی لە هەرێم، کە یەکەمیان کێشەی نەوتی سپی ماڵان و دووەمیان کێشەی بەنزینە.

ئاماژەی بەوشکرد، ئەوکات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوتی سپی، حکومەتی هەرێم دەیتوانی بە بڕی تەنها (١٥) ملیۆن دۆلار، نەوتی تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات، بە ناوچە شاخاوییەکانیشەوە، هاوکات، دەیتوانی نرخی بەنزین، لە ٣٠٠-٤٠٠ دینار بۆ هەر لیترێک جێگیر بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێم لەبەر کەمتەرخەمی و نەبوونی پلان و گوێنەدان بە کێشەی هاوڵاتییان، ساڵانە هەموو کێشەکانی دووبارە دەبنەوە و نەیتوانییوە تەنانەت یەکێکییش لەم کێشانە چارەسەر بکات.

کاروانی گەزنەیی راشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە نزیکەی (٢٦٠) ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە و  لەو بڕە، نزیکەی ٥٨ ملیۆن لیترمان تەنها بۆ ناوچە شاخاوییەکان پێویستە، لە کاتێکدا حکومەتی عێڕاق ساڵانە تەنها نزیکەی ٦٠ ملیۆن لیتر دەنێرێت و پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دارایی ئەم کەمیەی کە هەیە پڕی بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەو بارەویەوە نەهاوێژراوە.

وتیشی، ئەمساڵیش وەکو هەموو ساڵەکانی دیکە هاوڵاتییان بێبەش دەبن لە نەوتی سپی، جگە لەو بڕەی کە لەلایەن بەغداوە دابین دەکرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی هەرێم راشیگەیاند، حکومەتێک نەتوانێت تەنها ١٥ ملیۆن دۆلار بۆ نەوت دابینبکات، لەکاتێکدا ڕۆژانە بەرپرسی دز و تاڵانچی هەیە زیاتر لە ملیۆنان دۆلاری لە یەک مانگدا دەست دەکەوێت لەژێر سایەی ئەم حکومەتە پیسخۆرەدا، چ گرنگییەکی هەیە؟



ڕیکلام