ئاسایشی نیشتیمانی ئێران: پێشبینیمان کردبوو فەخریزادە لەو شوێنە تیرۆردەکرێت

  2020-11-30  | 
تاران
موحسن فەخریزادە زانای ئەتومیی ئێران لە ناوچەی دەماوەندی تاران تیرۆرکرا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رایگەیاند، پێشتر دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی پێشبینی کردبوو کە موحسن فەخریزادە لەو شوێنە تیرۆر دەکرێت، کەناڵێکی ئێرانیش دەڵێت، فەخریزادە بە چەکی دروستکراوی ئیسرائیل کوژراوە.

لە میانی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی موحسن فەخریزادە زانای ئەتۆمیی ئێران، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رایگەیاند، "ماوەی ٢٠ ساڵە دوژمنانی ئێمە پیلانی تیرۆرکردنی فەخریزادەیان داڕشتبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون".

ئاماژەی بەوەشکرد، سیستم و دەزگای هەواڵگری ئێران بەوردی پێشبینی روودانی ئەو هێرشەی لەو شوێنەکردبوو، بەڵام بەهۆی دووبارەبوونەوەی هەواڵەکان لە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵەدا، وریایی و جددی بوون پشتگوێخرا و ئەمجارە توانیان تیرۆرەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەن، ئەگەرنا چەند جارێک هەوڵەکانی ئەنجامدەرانی ئەو کارە بێ ئاکام ماوەتەوە.

شەمخانی ئاشکراشیکرد، "سیستم و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران زانیاریان هەبوو لەوەی کە فەخریزادە بە ئامانج گیراوە و بڕیارە هەو لەو شوێنەی کە شەهیدکرا، شەهید ببێت و رێوشوێنی ئەمنیی پێویستیش بۆ پاراستنی گیرابووەبەر، بەڵام ئەمجارە دوژمن لە شێوەیەکی تەواو پرۆفیشناڵ و نوێ کەڵکی وەرگرت و بەداخەوە لە جێبەجێکردنی پیلانەکە سەرکەوتوو بوون".


هەر ئەمڕۆش کەناڵی پرێس تیڤی زمانحاڵی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە کە  ئەو چەکەی لە کوشتنی موحسن فەخریزادەدا بەکارهێندراوە، لە ئیسرائیل دروستکراوە .

کەناڵەکە لەزاری سەرچاوەیەک کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، "بڵاویکردەوە ئەو چەکەی کە لە شوێنی کردەوە تیرۆریستییەکە دۆزراوەتەوە، تایبەتمەندییەکانی دەریدەخات دروستکراوی پیشەسازی سەربازی ئیسرائیلە ."

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئیلی کۆهین وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل رایگەیاندووە، نازانێت کێ بەرپرسە لە کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەی ئێران.


پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، ٢٧ی١١ی٢٠٢٠، موحسن فەخریزادە سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوەو داهێنانی وەزارەتی بەرگری و یەکێک لە بەتواناترین زانایانی ئەتۆمیی ئێران، کە چەندین نازناوی وک باوکی ئەتومی ئێران و قاسم سلێمانی بواری پیشەسازی ئەتومیی ئێران هەبوو، لە ناوچەی دەماوەندی تاران تیرۆرکرا .


یەک ڕۆژ دوای ئەو هێرشە، عەلی خامنەئی رێبەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێکی کورتدا رایگەیاند، "شارەزا و زانای لێهاتووی بواری ئەتۆمیی، موحسن فەخریزادە لەلایەن بەکرێگیراوانی شەڕخواز و تاوانبار شەهید کرا و دەبێت بەزووترین کات، بەدواداچوون بۆ هۆكارەكانی ئەو تیرۆرە بكرێت و بكەران و هاودەستەکانی ئەو تاوانە سزا بدرێن ".

خامنەئی داواشی لە بەرپرسانی ئێران کرد، درێژە بە رێگەی موحسن فەخریزادە بدەن .

هەروەک حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کوشتنی فەخریزادەی بە تەڵەی ئیسرائیل بۆ نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە لەقەڵمدا و راشیگەیاند، وڵاتەکەی لە کاتی خۆیدا وەڵامی گونجاوی دەبێت بۆ ئەو هێرشە.


دوێنێش وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان توانیویانە چەند سەرەداوێک لە ئەنجامدەرانی تیرۆرکردنی موحسن فەخریزادە بەدەستبهێنن و لە داهاتوویەکی نزیکدا زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام بەپرسانی ئێران بە پلەی یەکەم ئیسرائیل و دواتر ئەمریکا بە ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبار دەکەن، چونکە پێشتر ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی موحسن فەخریزادەی کردبوو.



ڕیکلام