بەر لە مردن

  2020-12-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێبوار سیوەیلی

لە مندا تەمبەڵییەکی قووڵ ھەیە بۆ خەوتن
ئەم ھەموو بێدارییە کوشتمی
لە مندا پڕییەکی دێرینە بۆ گریان
پیرییەکی جوان بۆ عەشق
دەشتێکی کاکی بەکاکی بۆ تەنیایی
نەفرەتێک لە دووبارەبوونەوە
وەکئەوەی بە نوێبوونەوە دووگیان
لە نێوان ھەناسە و دانەوەیدا
وەکئەوەی لەبارم چووبێ بۆ ھەمیشە ڕق
وەک ئەوەی بێزوو بکەم تا بێکۆتا 
بە کوردبوونمەوە
وەکئەوەی ھەمیشە لە جەنگدابم لەگەڵ خۆم..
دەڕژێم و بۆنی نان لە ھەناسەم،
بریسکەم دێ و بۆنی قاقا
تەماشام کە وەک بەفر دێم بۆ توانەوە
بڕوانە مانەوەم لەناو ئەم ھەموو قیژەیەدا
ئەو نیگایانەی مناڵیی بۆ لێم نابنەوە
ئەو خەونانەی کۆبانێ بۆ نایەنە دی
وەک گوڵدانێکی بن پەنجەرە
دەخزێمەوە ناو حەوشە و
زمانی زەردیی گەڵا تێکەڵ بە خوێنم دەبێ
بە ھەستی سەگێکی بێنازەوە
گوێ لە لێدانی زەوی دەگرم
ئاوێک دێ پڕ بە نیگام ڕوون
بارانێک لە ڕەنگی ھەرزەکاریم
ئەوەندەم ڕۆژکردنەوە،
پڕ بووم لە تیشک
یەک ڕۆژووم نەخوارد لە مانگیی ئەڤیندا
ھەستمە سەرپێ،
ئەستێرەخەواڵووەکان دەڕژێنە خوار
بەلادا بێم، وەک ڕوبار
درێژ درێژ پڕم لە تەڕایی..
من لە ھەستی تەڕی ئاوەوە نزیک
شڵپێ بە ڕووخسارتدا بەیت پاک دەبییەوە
من ئالوودەم بە چرپەی بێدەنگیی ھەوا
یەک شنەم بگریتەخۆت پڕ دەبیت لە ڕەشەبا
ئەم ھەموو تیشکانە لەمندا بە وێنەی خۆر
شەپۆل دەدەم لە گڕ
من بوومە چل ساڵ و ئەمجا زانیم گەردێکم لە خاک
من بوومە باوک و ئەمجا زانیم فریشتەم
دایکم ئەڵێ: بەس نوێژەکانت بکەی دەچیتە بەھەشت
خوشکەکانم خەونیان پێوە بینیوم دەبمە پێغەمبەر
کەچی خۆم حەز ئەکەم ببمە ئەستێرە..
بەم ھەموو بێدارییەوە بۆ کوێ سەر ھەڵگرم
لەم ھەموو وێرانەیەدا ئاوەدانی چۆن ئاشتکەمەوە؟
من خەریکم لە خۆشیان گێل دەبم
بەدەست ئازارەوە ھەپروون ھەپروون
بەدەست قرتاڵەچنێکی دێرنەوە
خەون بە ترێوە دەبینم بۆ مەستبوون..
بەقەد داربییەک تەڕ
گریانم دێ بۆ منداڵییەکی وێران
ھێندەی شۆڕبوونەوە خەمبار بەدیار کۆستی ژنێکەوە
پڕ بەم دەشتانەی وڵات، بێتاقەت
کەچی ھەر کۆڵنادەم
وەک ژنێکی کۆڵوانە لەبەر
ئەم وشانە لە تەشتی ڕۆحمدا دەھێنم و دەبەم
ئەم چڵکاوەی ڕق ھەڵدەڕێژمە شیوی بیرچوونەوە
جوان جوان خۆم دەشۆمەوە لە بەدگومانی
وەک کراسێک سپیی سپیی
بە تەنافی ئەم ئۆردوگایانەوە شەکاوە
کە پڕن لە منداڵی بزەڵە،
خەریکە سەریان بەو ھەموو خەونانەوە ببێتە باڵۆن!
ژێر خێمەکانیشان پڕ کردووە لە خەیاڵی گەڕانەوە!
منیش لەگەڵ گەڕانەوەدا دەچمەوە
لەگەڵ چاوەڕوانیدا ون
لەگەڵ تەنیاییدا کەرنەڤاڵ
بەم ھەموو دڵەمەوە دەمرم
ئاسوودەتر لە ھەر کات
دڵپڕتر لە ھەمیشە..
جەژن بێت، لق بەلق گەردن ئازایی لە گێلاس
ماچ و مووچ لەگەڵ سێوی مزرۆکە
یەک باوەش بە شفتیدا دەکەم
گندۆرە بمباتەوە بۆ یەکەم ژووان
وەی کە خۆشە ئەم ھاوینە شەماڵ
بێتە ئێرە، 
وەک کە دیارییە، شاتوو بە لێوی سوورییەوە بێ
من جلەکانم دەپۆشم و سەرەتا دەچمە مزگەوت
نوێژێ دەکەم لەبەردەم ئەودا
کە پڕیی کردووە دڵم، لە نوور..
پاشان دەچمەوە لای نان وچێشت
ھەرچی ھات بۆ ماڵمان پێیدەڵێم بیرم کردووی
ھەرچی بێت باسی خۆمی بۆ دەکەم
بە وشەی ئاشتیی
لە ھێڵەکی ڕقدا دەیبێژمەوە نییەت
بە قازان دەڵێم لاکەوە، 
بە خاکەناز تووڕی دەیەم، ھەرچی گلەیی
ئەم خەرماشەیە دەبەم و گەڵای وەریوی ڕاز بڵاو
ئەم گسکە دەبەم و بەردەرگای ئازادی خاوێن..
ئەم دۆلکەیە دەبەم و دوورترین گوڵ، تێراو
بۆیە لە مندا
تەمبەڵییەکی قووڵ ھەیە بۆ خەوتن
ئەم ھەموو بێدارییە کوشتمی
لە مندا پڕییەکی دێرینە بۆ گریان
پیرییەکی جوان بۆ عەشق
دەشتێکی کاکی بەکاکی بۆ تەنیایی
نەفرەتێک لە دووبارەبوونەوە
وەکئەوەی بە نوێبوونەوە دووگیان
لە نێوان ھەناسە و دانەوەیدا،
وەکئەوەی لەبارم چووبێ بۆ ھەمیشە ڕق
وەک ئەوەی بێزوو بکەم تا بێکۆتا 
بە کوردبوونمەوە
وەکئەوەی ھەمیشە لە جەنگدا بم لەگەڵ خۆم..
٢٠١٠


ڕیکلام