مەسرور بارزانی: حکومەت لە هەموو لایەک زیاتر خەمخۆری گوزەرانی خەڵکە

  2020-12-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی لەسەر کۆبونەوەی ئەمڕۆ بڵاوکردوە و دەڵێت سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەهەموو لایەک زیاتر پەرۆش و خەمخۆری گوزەرانی خەڵکە.

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/12/2 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە . لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەک زیاتر پەرۆش و خەمخۆری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە و هەموو هەوڵ و توانای خۆشی خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان .

گوتیشی شایستە داراییەکانی هەرێم، مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و هەرگیز سازشی لە سەر ناکەین و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە پێناو دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم .

روونیشیکردەوە کە ”لەم ڕۆژانەشدا بەردەوام لە سەر هێڵ بووین لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە بەلێنیانداوە بابەتی ناردنی مووچە لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر بکەن.

بەلام ئەگەر لە بەر هەر هۆیەک، لە کاتی خۆیدا بەشە مووچەی هەرێم لە بەغداوە نەگەیشت، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ قەرز ببات و قەرز بکات تا بڕە مووچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات و دواتر پارەکەی بەغدا، لە بری قەرزەکە دەدرێتەوە“. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بڕیاریدا لە ڕۆژی پێنجشەممە 2020/12/3 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئۆکتۆبەر بکرێت بەو داهاتەی لە بەر دەستی وەزارەتی داراییە و بە تەمویلکردنی مووچە بە ڕێژەی 79% .

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، پڕۆژەی پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی ئەو رسوماتەی لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەردەگیرێن، لە لایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە خرایەڕوو و داوایکرد ، پەلە بکرێت لە ناردنی زانیاری تایبەت بە خەرجی و داهاتی وەزارەتەکان بۆ لیژنەی باڵا ، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەیان
.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەکەدا، لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، پڕۆژە بڕیاری تایبەت بە ( دەرماڵەی لە بری کەمئەندامی ) خرایەڕوو ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کرد
.