تەندروستی دهۆك: كەسێك بە گومانی تووشبوون بە كۆرۆنای نوێ پشكنینی بۆ كرا

  2021-01-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك رایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمارنەكراوە، تەنها حاڵەتێك هەیە كە گومانی لێكراوە و ئێستا پشكنینی بۆ دەكرێت.

ئەفراسیاب یونس، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند: تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بەگۆڕاوی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكە تۆمارنەكراوە. 

ئەو وتیشی: ئەوەی هەیە كەسێك لە بەریتانیاوە گەڕاوەتەوە بۆ پارێزگای دهۆك، گومانی ئەوەی لەسەر بووە كە هەڵگری نەوەی نوێی ڤایرۆسەكە بێت، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێكی بەوشێوەیە تۆمارنەكراوە. 

بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆك راشیگەیاند: لە ئێستادا ئەوان خەریكی پشكنینەكانن بۆ ئەو كەسە تا دڵنیابن لەوەی كەسەكە هەڵگری ڤایرۆسەكە بێت یاخوت نا. 

ئەو وتیشی لەكاتی دەركەوتنی ئەنجامی پشكنینەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكەین، بەڵام نازانین كەی پشكنینەكان دەردەچن، چونكە دەبێت لە تاقیگەی تایبەت و بە وردی پشكنینەكە ئەنجام بدرێت. 

هەرچەندە گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەشێك لە وڵاتانی جیهان تۆمار كراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ حاڵەتێك لە هەرێمی كوردستان و عێراق تۆمار نەكراوە.