کوردی  |  English            

وەزیری نەوتی عێراق: هەرێم لە 80% بەرپرسیارە لەڕێکنەکەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت

  2021-01-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕێککنەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت، لە ٨٠%ی بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان وهەرێم پابەندی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت نەبووە، ئەوەش بووەتە مایەی ئیحراجییەک بۆ ئەوان لەبەردەم رێکخراوی ئۆپیکدا.

وەزیری نەوتی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی  (ئەلشەرقیە)دا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان کۆمپانیای زۆری بەرهەمهێنانیان هەیە لە بەسرە و لە عەمارە و ناسریە و بەغدا، هەموویان لە لایەن کۆمپانیای بیانییەوە کاری بەرهەمهێنیانیان تێدا دەکرێت، هەروەک چۆن لە هەرێمی کوردستانیش دەکریت، بەڵام هەرێمی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پابەند نەبووە بە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی خاوەوە، چونکە نەیتوانیوە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێن بکات لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەم.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پابەند نەبووە بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، تەنانەت پابەندیش نەبووە بەو ڕێوشوێنانەی کە ڕێکخراوی ئۆپیک دیاریکردووە و داوایکردووە.

جەختیشکردەوە، لەو ڕێککەوتنە لای داوە کە لەسەری رێککەوتوون، چەندین جار پەیامیان ناردووە، ئەو دۆخە شڵەژانێکی بۆ ئەوان دروستکردووە، چونکە هەرێمی کوردستان کێشەی گەورەیان هەیە لەناو ئەو گرێبەستانەی کە کردوویانە، جگە لەوەش هەرێم پابەندبوونی درێژخایەنیان هەیە لەگەڵ کڕیارەکانی نەوتی هەرێم، جگە لە کێشەی تایبەت بە بۆری گواستنەوەی نەوتەکەش.

وەزیری نەوتی عێراق لە میانەی چاوپێکەوتنەکەدا ئاشکرایکرد، بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستانەوە بە بڕیارەکانی ئۆپیکەوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم، وایکردووە عێراق بڕی ١٨ ملیۆن بەرمیل لادانی بۆ دروست ببێت لە بەرهەمی نەوتدا.

وەزیری نەوتی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد ئەو دۆخە زیانە بۆ هەرێم و بۆ ئەوانیش، چونکە ئەوا بەشیان لە بازاڕی وزەدا  گرانترین نەوت بە کەمترین تێچوون بفرۆشن، ڕوونیشکردەوە ئەوان ڕێگە پێدراون لە عێراقەوە بڕی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل هەناردە بکەن، لە هەرێمی کوردستانیشەوە ١٤ ملیۆن بەرمیل بە داهاتێکی زۆر کەمەوە، هۆکاری کەمی داهاتەکەش بەهۆی جۆری گرێبەستەکانەوەیە کە کرێی تێچوونەکان زۆر گرانەنە تێچوونی گواستنەوە زۆر گرانە، نرخی هەناردەکردنەکانیش زۆر هەرزانە، ئەویش بەهۆی گرێبەستە درێژەخایەنەکانەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.

ڕوونیشکردەوە، لە کۆتایدا هەرێم زیان دەکات و ئەوانیش زیان دەکەن، بە تایبەت هەرێم زوڵم لە خۆی دەکات، چونکە دەبوایە ئیدارەیەک هەبوایە کە مافی خۆی وەربگرتایە لە بودجەی فیدراڵی، لە کۆتایشدا دەبوایە حکومەت پابەندبوایە بە هەرێمەوە وەک حکومەت و وەک هاوڵاتیانیش.

باسی لەوەشکرد، لەو بڕوایەدایە دوای دیاریکردنی وەزیرێکی نوێ بۆ کەرتی وزە لە هەرێم، چاوەرواندەکرێت دۆخەکە بەرەو باشتر بچێت، هیوای وایە لە کۆتاییدا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر دۆسەی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام نەبوونی متمانە لە دۆسیەی نەوتدا لە ٨٠%ی بەرپرسارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون لە بەرژەوەندی خودی هەرێم و خەڵکی هەرێمی کوردستانیشە، چونکە هیچ نێیەتێکیان بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەراگرتنی داهاتی نەوتی نە هەرێمی کوردستان نە هیچ پارێزگایەکی دیکەی عێراق نییە.

 لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، دیدار و گۆڕینەوەی نامە و پەیام هەیە لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، دەستبەکاربوونی کەمال ئەتروشی وەزیری نوێش ئەو پرۆسەی خێراتر دەکات و گەشبینە بەوەی لە نزیکترین کاتدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگەنە ڕێککەوتن.