کەشناسی: لە ئێوارەی ئەمڕۆەوە شەپۆلێکی بەفر و باران دەستپێدەکات

  2021-01-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند لە ئێوارەی ئەمڕۆەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە درەنگانی شەودا ئاستی باران بارینەکە زیاتر دەبێت.

بەشی پێشبینی کەشناسی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت لە رۆژانی سێ شەممە و چوارشەممە بەتەواوی هەرێم دەکەوێتە ژێر شەپۆلەکەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.

کەشناسی هەرێم ڕاشیگەیاندوە لەگەڵ شەپۆلەکە بارستە هەوایەکەی سارد هەڵدەکات و  ئەگەری بەفر باران لەسلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک و قەزا و ناحیەکانی ناوچە سنورییەکان هەیە.

هەروەها پێشبینیش دەکات لەم شەپۆلەدا لە هەولێر زیاتر لە 15 ملم  ولەسلێمانی زیاتر لە 20 ملم و لە دهۆک زیاتر لە 25 ملم و لە هەڵەبجە 20ملم و لە کەرکوک زیاتر لە 10 ملم باران ببارێت.

کەشناسی ئاشکراشیکردوە لە رۆژی پێنج شەممەوە شەپۆلەکە کۆتایی دێت،بەڵام پلەکانی گەرمای شەو نزمدەبێتەوە بۆ ژێر سفری سیلیزی و دیاریدەی شەختە دروستدەبێت.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمساڵ بڕێکی کەم باران باریووە و هاوڵاتیان دەترسن وشکەساڵی بێت بۆ ئەو مەبەستەش لە چەندین ناوچە نوێژە بارانە ئەنجامدراوە و کەشناسیش ئاشكراشیکرد لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک هێشتا پەڵەی نەداوە.



ڕیکلام