هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڕەشەی زمان بڕین لە کچە شاعیرێکی کورد دەکەن

  2021-01-18  | 
روژهەڵاتی ناوەڕاست
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران سوکایتی و بێڕێزیان بە کچە شاعیرێک کردووە و هەڕەشەی زمان بڕینیان لێکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەفتەی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە، شاعیر و نوسەری لاوی کورد، تەرانە محەمەدی بە نازناوی (تەنیا) یان ڕفاندووە و بردوویانەتە دەرەوەی شار و پاش سوکایەتی و بێڕێزی پێکردن، یەکێک لە ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کە بە زمانی فارسی قسەی کردووە، هەڕەشی بڕینی زمانی لە تەرانە کردووە .

هەنگاو لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی محەمەدی بڵاویکردووەتەوە، "هێزە ئەمنییەکان چوار کەس بوون و ئۆتۆمبێلێکی جۆری MVMبە ڕەنگی سپی و شووشە (جام) ڕەشیان پێبووە و لەبەردەم ماڵی تەرانە محەمەدی تورەکەیەکیاندا بە سەریدا کردووە و خستوویانەتە ناو ئۆتۆمبێلەکە و بردوویانەتە دەرەوەی شار و دوای بێڕێزی و سووکایەتی و هەڕەشە لێکردن، دیسان تورەکەکەیان بەسەریدا کردووەتەوە و هێناویانەتەوە لە گەڕەکێکی نزیک ماڵی خۆیان دایانبەزاندووە" .

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە تەرانە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار بە ژمارە تەلەفۆنی نەناسراو هەڕەشەی لێکراوە و چەندین جاریش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و هێزی ئینتزامی بانەوە بانگهێشت کراوە و لێپرسینەوەی لێکراوە.

ڕفاندنی ئەو کچە شاعیرە دوای ئەوەی بووە کە ناوبراو لە لایڤێکی ئینیستاگرامی لەگەڵ شاعیری فارس زمان هیلا سدیقی وتبووی، "شێعرێک بە زمانی هاوبەش (فارسی) دەخوێنم" و لە وەڵامی هیلا سدیقی کە وتبووی، "مەبەستتان لە زمانی هاوبەش چییە؟، ئەو قسەیە بەو مانایەیە کە ئیوە خۆتان بەئێرانی نازانن، بەڵکوو خۆتان بە خەڵکی کوردستانێکی سەربەخۆ دەزانن"، تەرانە محەمەدی وتبووی، "بەڵێ ئێوە ڕاست دەکەن، من خۆم بە خەڵکی کوردستان دەزانم"، هەروەک پێشتریش بەشداریکردووە لە لایڤێکی ئینیستاگرامی هونەرمەندی ناوداری کورد نەجمەدین غوڵامی.

تەرانە محەمەدی تەمەن ٢١ ساڵ و لەدایکبووی شاری بانەیە و ئێستا خوێندکاری مەدەدکاری کۆمەڵایەتی زانکۆی مەهابادە و شارەزایی تەواوی لە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی هەیە .

تەرانە لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە شێعری وتووە و لەنێو نەوەی نوێدا خاوەن پێگەیە. شێعرەکانی ناوبراو زیاتر لە سەر مافی نەتەوەیی کورد، مافی ژنان، منداڵان و هەروەها دیاردە کۆمەلایەتییەکان وەکوو بەشوودانی زۆرەملێیە .



ڕیکلام