پەلامارە تیرۆریستییەکان ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ بەردەوامی مەترسییەکانی تیرۆر

  2021-01-21  | 
بەغدا
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئیدانەی تەقینەوەکانی ئەمڕۆی بەغدا دەکات و دەڵێت، پلانداڕێژەر و ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارانە مەرامیان لەباربردنی ئەو هەوڵانەیە کە کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەکەن و ئەو یەکڕیزییەی نێوان لایەنە سیاسییەکان تێک بدەن کە کار بۆ هێنانەکایەی دیالۆگێکی نیشتیمانی دەکەن.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە توندی ئەو پەلامارە تیرۆیستییە خۆکوژییانەی ئەمڕۆی شاری بەغدا ئیدانە دەکەین، کە بوونە هۆی شەهیدکردن و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی بێتاوان".

ئاماژەی بەوەشکرد،  "ئەو پەلامارە تیرۆریستییانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و بوونی شانەی نوستووی گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتدا".

دەشڵێت، "پلانداڕێژەر و ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارانە مەرامیان لەباربردنی ئەو هەوڵانەیە کە کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەکەن و ئەو یەکڕیزییەی نێوان لایەنە سیاسییەکان تێک بدەن کە کار بۆ هێنانەکایەی دیالۆگێکی نیشتیمانی دەکەن".

لاهور شێخ جەنگی داواشی لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد، کار بۆ پاراستنی یەکڕیزی بکەن و هەموو هەوڵێکیان بۆ شکستپێهێنانی هەوڵە پیلانگێڕی و تاوانکارییەکان بێت.

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان راشیگەیاند، "لە خوای گەورە داواکارین شەهیدەکان بخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی و بە بەهەشتی بەرینیان شاد بکات و ئارامیش بدات بە کەسوکاریان، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی١ی٢٠٢١، دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە بازاڕێکی قەرەباڵغی میلی، نزیک گۆڕەپانی تەیەرانی بەغدا روویاندا و لە ئاکامدا ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.


ڕیکلام