سۆرانی  |  بادینی  |  English      

رێباز حەملان: بارزانی چیایەكە هیچ رەشەبایەك نایلەرزێنێ

  2021-01-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێباز حەملان رایگەیاند، نەیار و دوژمنانی كورد لەم سەردەمەدا تەنها بارزانی بە ئامانجی خۆیان دەزانن و تۆمەت و دژایەتی و تیرەكانیان روو تێكردوە بەڵام بارزانی چیایەكە هیچ رەشەبایەك نایلەرزێنێ.

رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، لە نوسینێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند: لە ئیمام " شافیعی" یان پرسی: چۆن بزانین ئەهلی حەق كێیە لەزەمەنی زیاد بوونی فیتنەدا، ئەویش فەرمووی: دوای تیری دوژمن بكەون ئەوە ئەتانبات بۆ لای ئەهلی حەق.

ناوبراو بەرگری لە سەرۆكی پارتی دەكات و دەڵێت "چەندین ساڵە تیری دوژمن ڕووی لە سەرۆك بارزانییە بەتایبەت دوای ئەوەی بە درێژایی مێژووی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان ئەم سەركردەیە توانی زۆربەی لایەنە سەرەكییەكانی هەرێم كۆبكاتەوە. 

یاریدەدەرەكەی سەرۆكی حكومەت دەشڵێت بارزانی  "توانی دەنگی زیاتر  ٪‏٩٢ ی میللەتەكەمان بەهەموو جیاوازی ئاین و رەنگ و ئایدۆلۆژیا بە دەست بهێنێت و بلێ "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەرامبەر بە هەموو شۆڤێنییەكان، بەرامبەر بە هەموو نەیارە ناوخۆیی و ناوچەیی و دەرەكییەكان وەستایەوە و توانی شكۆی سەركەوتن وەك تاجێك بخاتە سەر سەری خەبات و قوربانیدانی میللەتێكی چەوساوە كەناوی گەلی كوردە".

ئەو بەرگریەی حەملان دوای ئەوە دێت كە دوێنێ فیلمێكی بەرهەمهاتوی ئێرانی بڵاوكرایەوە كە تیایدا باسی لە هاوكاریەكانی ئەو وڵاتە كردووە بۆ هەرێمی كوردستان. 

ئەو كە پێشتر وەزیری دارایش بووە دەشڵێت: نەیار و دوژمنانی كورد لەم سەردەمەدا تەنها سەرۆك بارزانی بە ئامانجی خۆیان دەزانن و تۆمەت و دژایەتی و تیرەكانیان روو تێكردوە بەڵام بارزانی چیایەكە مێژوو سەلماندویەتی هیچ رەشەبایەك نایلەرزێنێ و رووداوەكانی رابردوو شاهیدن كە بۆ هیچ كام لە سەختییەكان خۆی نەچەماند و خۆی ناچەمێنێ.