نێچیرڤان بارزانی: ئاژانسی هەواڵی فارس هەوڵیداوە سوكایەتی بە پێشمەرگە و سەركردایەتی هەرێم بكات

  2021-01-26  | 
هەولێر
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نێچیرڤان بارزانی قاسم سولەیمانی بە فەرماندەی شەهید ناودەبات و دەشڵێت، ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز هەوڵیداوە ڕاستییەكان بشێوێنێت و سوكایەتی بە پێشمەرگە و سەركردایەتيی هەرێمی کوردستان بكات.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بەرهەمهێنانی دوو فیلمی ئێرانی لەسەر "بەهاناوەچوونی هەولێر لەکاتی شەڕی داعشدا لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە"، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئاژانسی هەواڵی فارس هەوڵیداوە لەو رێگەیەوە ڕاستییەكان بشێوێنێت و سوكایەتی بە پێشمەرگە و سەركردایەتيی هەرێمی كوردستان بكات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بشارێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هاوكارییەكانی ئێران بۆ هه‌رێمى كوردستان لە كاتی شەڕی داعشدا پەیوەندییەكانی نێوانمانی بەهێزتر كرد، ئەو ئاژانسە فەرمییە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو كارەی هەوڵ دەدات زیان بە پەیوەندییەكان و دۆستایەتيی نێوانمان بگەیه‌نێت. ئەو کارە گیانی ئەو شەهیدانەش ناشاد دەكات كە ئەو ڕۆژانە پێكەوە لە یەك سەنگەردا بەرامبەر داعش شەهید بوون. بێگومان كارێكی ئاواى پڕ لە نادروستی و پڕ لە شێواندنی ڕاستی و منەتكردنی بەو شێوەیە، بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو ئەخلاق و هەڵسوكەوتەشدا یەك ناگرێتەوە کە فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانى هەیبوو. بۆيه‌ كاری بەو شێوەیە دڵسۆزی نییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی شەهید، بەڵكو تێكدانی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە كە فەرماندە قاسم سلێمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرەی پێدابوو" .

سەرۆکی هەرێم راشیگەیاندووە، "پشتیوانییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كاتە سه‌خته‌كاندا بۆ خەڵک و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و لە سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان كه‌ بە چەك و تەقەمەنی و ژمارەیەك ڕاوێژكار بە فەرماندەیيی فەرماندە قاسم سلێمانی، هاوكاريی پێشمەرگەیان كرد، هەمیشە جێگەی سوپاس و ڕێزە و لەكاتی خۆیدا هەرێمی كوردستان بە ڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندووە".

دەشڵێت، "هەروەك چۆن هاوكاريی هاوپەیمانیی نێودوڵەتيی دژی داعش، بەتایبەتی هاوكاريی كاریگەر و ماوەدرێژی ئەمه‌ریكا، هەروەها هاوكاريی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەكە، بە هەمان شێوە هاوكاريی حیزبە كوردستانییەكانیش لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان لەبیر ناكرێن. هاوكاریكردنی پێشمەرگە بە چەك و تەقەمەنی لەلایەن ئێران و دواتریش هاوكاريی بەرفراوانی هاوپەیمانان زۆر گرنگ بوو، چونكە بەهۆی ئەوەی ڕێگە نەدەدرا حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەك لە دەرەوە بكڕێت و حكوومەتی عێراقیش چەك و تەقەمەنی نەدەدایە پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە بە چەكی زۆر سادە، بەرامبەر دڕندەیيی داعش و چەكە پێشكەوتووەكانی وەستابووەوە" .

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە كاتی هێرش و شەڕی داعشدا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە فەرماندەیی و ئەزموونی چەندین ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتيی مەسعوود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەسەر زەوی هێرشی داعشی ڕاگرت و هێزی داعشی لە ناوچەكەدا تێكشكاند، ئەوەش تێكشكاندنی هێزێكی تاریكپەرستی ئەوتۆ بوو كە هەڕەشە بوو لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەكە و ئازادی و ئاسایشی هەموو جیهان. هەرێمی كوردستان كە وەك هەمیشە شوێنی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بووە، جارێكی دیكە بووەوە به‌ پەناگەی پاراستنی ئاوارە و په‌نابه‌ران لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، ئەوەش بە هاوكاريی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و جیهانییەكان، لەپێش هەمووشیانەوە لە سایەی بەرگریی بەهێزی پێشمەرگە بوو" .

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیشیکردووەتەوە، "ئێمە ئەو دوو فیلمە بە سووكایەتیكردن بە خۆڕاگريی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتيی هەرێمی كوردستان دادەنێین، هەروەها بە سووكایەتیكردن بە قارەمانیيەتيی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانی كوردستان و لە هەمان كاتدا بە سووكایەتیكردن بە بنەما و باوەڕەكانی فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانی دادەنێین".

راشیگەیاندووە، "لە ڕاستیدا ئێمە هیچ سوودێك لە بەرهەمهێنانی فیلمی ئاستنزم و دوور لە ڕاستیی بەو شێوەیەدا نابینین، جگە لە هەوڵێك بۆ تێكدانی هاريكاريى ناوچەیی و دروستكردنی ناكۆكی لەنێوان گەلانی دۆست لە ناوچەكەدا، بۆيه‌ لە ڕوانگەی هەبوونی پەیوەندیی دۆستانە و هاوكاريی لەمێژینە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، داوای هەڵوێستێكی گونجاو لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر ئەو دوو فیلمە دەكەین كە بووەتە هۆی برینداركردنی هەستی گەلی كوردستان" .



ڕیکلام