کوردی  |  English            

لە هەندێك بواردا فشارەكانی جۆبایدن بۆ ئێران زیاد دەكەن

  2021-01-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاک) رایگەیاند ئەمریكا سیاسەتی گۆڕینی دەسەڵاتی ئێرانی نەبووە، پێشبینیش دەكات لە هەندێك بواردا فشارەكانی جۆبایدن بۆ ئێران زیاد دەكەن.


سیامەند موعینی، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ فورات نیوز لەبارەی سیاسیەتی حكومەتی نوێی ئەمریكا بەرامبەر ئێران رایگەیاند: سیاسەتی ئەمریكا سەبارەت بە ئێران دیارە و تا ئەمڕۆش پلانێكی تۆكمەی بۆ گۆڕینی دەستەڵاتی ئێران لە بەرنامەدا نەبووە، چ سەردەمی ئوباما و چ سەردەمی ترەمپ پڕۆژەی گۆڕینی سیستەمی ئێران لە ئارادا نەبووە. 

ئەو وتیشی: مەبەستی ئامریكا گۆڕینی سیاسەت و هەڵسوكەوتی ئێرانە لە ناوچەكە. بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە لە سیاسەتی ئامریكا بە گشتی، سرینەوە و گۆڕینی ئەم حاكمانە جێگای نەبێتەوە.

هاوسەرۆكی پژاك وتیشی: وڵاتە زلهێزەكان لە ئاڵوگۆڕیەكانی ناوچەكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان رۆڵیان هەیە و لە داهاتوشدا تا ڕادەیەك رۆڵیان دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە لە بەرامبەر تاقیكردنەوەیەكی مێژویداین و رەوتی ئاڵوگۆڕیەكان گرێدراوی هەڵوێست و ئاكارەكانی جەماوەرە. ئەگەر بە خوێندنەوەیەكی زانستیانە و لە سەر ئەمری واقع بە هوشیاری هەڵسوكەوت بكرێت من قەناعەتم وایە دەرفەتێكی زێڕین بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان دێتە پێش و بە گشتی چاوەڕوانی داهاتویەكی باش دەكەم. 

موعینی پێشبینی دەكات "جۆ بایدن لە سەر فشارەكانی بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبێت و تەنانەت لە هەندێك بوار فشارەكان زیاتریش دەبێت" ئێران لەم رەوشەدا رۆژبەڕۆژ شەرعیەتی ئایینی و سیاسی و كۆمەڵایەتی لە دەست دەدات و تەنیا هێز و پشتیوانیان هێزی سەركوتكەر دەبێت و ئەویش لە ماوەی درێژخایەن بێكاریگەر دەبێت. 

ئەوەشی روونكردەوە  لە سەر كێشەكانی موشەكی دوورهاوێژ و كروز  و پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی وا دەكات ئێران پشتیوانی وڵاتانی ئەوروپی و لە كۆتایدا روسیاش لە دەست دەدات. 

سەركردەی ئەو حزبە كوردیە راشیگەیاند: كورد پێویستە لە ئێستاوە خۆی ئامادە بكات بۆ ئاڵوگۆڕییەكانی داهاتو، لە ئەگەری هەر پێشهاتێك بە شێوازێكی عەقڵانی و لە سەر ئسوڵی دیموكراتی خۆبەڕێوەبەریەكی خۆجیی مسۆگەر بكات و هێزی پاراستنی ئەم دەستكەوتە مێژوییە ئامادە بكات.