وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند ئاراستەی حکومەت ئەوەیە 30 رۆژ جارێک موچە بدات و ئەگەر دۆخەکەش بەمجۆرە بێت پێشنیار دەکەن پێش یەکی ئادار پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە.
ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەشکرد ئەوان پشتگیری داواکاری مامۆستایان دەکەن و کاریان بۆ دەکەن هەوڵەکانیان ئەوەیە موچە بەشێوەیەکی باش دابەشبکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد داخستنی دەرگای خوێندنگاکان پەیوەندی بە نەبوونی موچەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە کۆرۆنا و پاراستنی گیانی مامۆستایان و خوێندکارانەوە هەیە.
وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمەوە 36 قوتابخانە و باخچەی نوێ دروستکراون و 278 قوتابخانەش نۆژەنکراونەتەوە.
وەزیری پەروەردە ئاشکراشیکرد لە ئایندەیەکی نزیکدا 5 قوتابخانەی دیکە تەواودەکرێن و دەکەونە خزمەتی پەروەردەوە.
وتیشی پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی پەروەردە یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم.