داوای هەڵوەشاندنەوەی گردبوونەوە جەماوەریەكەی هەولێر بۆ پاپا دەكرێت

  2021-03-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوای هەڵوەشاندنەوەی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی یاریگای نێودەوڵەتی هەولێر دەكات كە بۆ پێشوازی لە پاپا رێكخراوە.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی ئەو كۆبوونەوە گەورەیەی بڕیارە لە رۆژی یەكشەممە ئەنجامبدرێت بۆ پێشوازی لە پاپای ڤاتیكان هۆشداری دەدات و دەڵێت ئەو قەرەباڵغیە چاوەڕوان كراوە "هۆكارێكی گەورەی بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێت لە عێراق و هەرێمی كوردستان".

ئەو رێكخراوە جگە لەوەی بە گەرمی پێشوازی لە سەردانەكەی پاپا دەكات، هاوكات داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەكات لەو بارەیەوە رۆڵ ببینن و دەشڵێت "ئەو قەرەباڵەغی دروستكردنە زەرەری گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت كە دژە بە پەیامی خۆشەویستی و پارێزگاری لە مرۆڤایەتی كە پاپای ڤاتیكان كاری بۆ دەكات".

وا بڕیارە سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممە حەوتی ئازار پاپا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لە فڕۆكەخانەی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە پێشوازی لێبكرێت و پاشنیوەڕۆكەشی لە یاریگای فرەنسۆ هەریری نێودەوڵەتی، ڕێوڕەسمێكی ئاینی گەورەی بۆ رێكدەخرێت.


ڕیکلام