تەندروستی عێراق: تووشبوون بە کۆرۆنا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد

  2021-04-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨٣٣١ کەس تووشی کۆرۆنا بوون، ئەوەش بەرزترین ژمارەی تووشبوونە بە کۆرۆنا لەوەتەی پەتاکە لە عێراق بڵاوبووەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بڵاویکردەوە، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ ٣٧ کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ٥٠٢٠ کەسیشی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان پەڕاندووە.

بە گوێرەی داتا و زانیاریەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە ئێستاد ڕێژەی چاکبوونەوە زۆر دابەزیووە و هاتووەتە خوارەوە بۆ ٨٨.٧%ی کۆی تووشبوان، لە کاتێکدا دوو مانگ لەمەوبەر ڕێژەکە ٩٦%ی کۆی تووشبوان بووە.

لەوەتەی کۆرۆنا لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، ٨٩٥ هەزار و ٦٢٢ کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٧٩٤ هەزار و ٤٤٤ کەسیش چاکبوونەتەوە.

تا ئێستا بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە ١٤٥٧٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام