ئێران کەشتییەکی هەڵگری سوتەمەنی کۆریای باشووری ئازادکرد

  2021-04-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێران کەشتییەکی هەڵگری سوتەمەنی کۆریای باشووری ئازادکرد کە سێ مانگ پێش ئێستا دەستی بەسەرداگرت.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٩ی٤ی٢٠٢١، کەشتییەکی هەڵگری سوتەمەنی ئەو وڵاتە بە کەشتیوان و ١٢ کارمەندەوە کەناراوەکانی ئێرانی جێهێشتووە و بەرەو کۆریای باشوور بەڕێکەوتووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کەشتیوان و سەرجەم کارمەندانی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ کێشەیەکیش بۆ باری کەشتییەکە پێشنەهاتووە.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئازادبوونی ئەو کەشتییە دوای چەندین جار گفتوگۆ دەربارەی ئازادکردنی ٧ ملیار دۆلار پارەی بلۆکەکراوی ئێران، ئەنجام دەدرێت.

سێ مانگ پێش ئێستا سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بەهۆی پیسکردنی کەشوهەوا و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژینگە، لە گەروی هۆرمۆز دەستیان بەسەر کەشتییەکی هەڵگری سوتەمەنی کۆریای باشووردا گرتووە.

ئازادکردنی ئەم کەشتییە لەکاتێکدایە کە ئێران و وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتننامەی ئەتومی لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، سەرقاڵی دانوستان و گفتوگۆن بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و دووبارە سنوردارکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران.



ڕیکلام