ئیسرائیل ئەمریکای لە هێرش کردنەسەر کەشتییەکەی ئێران ئاگادارکردووەتەوە

  2021-04-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شەوی رابردوو کەشتییەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەریای سوور کرایە ئامانج و بەرپرسێکی ئەمریکاش دەڵێت، هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە و تێلئەبیب واشنتنی لەو هێرشە ئاگادارکردووەتەوە.

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرابکات، بڵاویکردووەتەوە، پاش ئەوەی شەوی رابردوو لە دەریای سوور هێرشکرایە سەر کەشتییەکی ئێرانی، بەرپرسانی ئیسرائیل ئەمریکایان لەو هێرشە ئاگادارکردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە هێزەکانی ئەوان هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل ئەو هێرشەی لەتۆڵەی پەلاماردانی کەشتییەکانی ئەنجامداوە کە چەند هەفتە پێش ئێستا لە دەریای عەرەب کرانە ئامانج.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەرچی کەشتی "ساویز"ی سەر بە سوپای پاسداران لە بواری تەکنیکییەوە، وەک کەشتییەکی بارهەڵگر لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام ئەمە بۆ یەکەم جارە کەشتییەکی سەربازیی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکرێتە ئامانج.

شەوی رابردوو کەشتییەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەریای سوور و نزیک کەناراوەکانی یەمەن کرایە ئامانج .

دواتر ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستیان گەیشتووە، کەشتی "ساویز" بەهۆی تەقینەوەی چەند مینەوە کە پێوەی لکاوە، تووشی زیان بووە .

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی کەشتی "ساویز" لە چەند ساڵی رابردوودا، چاودێریکردن و پارێزگاریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران بووە کە لە دەریای سوور تێپەڕیون.

تاوەکو ئێستاش بەرپرسانی ئێران بەفەرمی هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.



ڕیکلام