قوباد تاڵەبانی بۆ کەسوکاری شەهیدان: هیچ هێزێک ناتوانن لەبەردەم داوا رەواکانتاتدا بوەستێتەوە

  2021-04-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر لێدوانەکانی وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار هاتە دەنگ و بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ڕاگەیاند، هیچ کەس و هێزێک ناتوانێت لەبەردەم داوا ڕەوانتاندا بوەستێتەوە.

قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک ڕایگەیاندووە " لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بەئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لەکابینەی نۆیەمدا تەواوکراون، کە ناوەڕۆکی سێ فەرمانەکە بریتییە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ کەس لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان.

لە کۆتایی وتەکانیدا قوباد تاڵەبانی جەختیکردووەتەوە "دووبارە دڵنیاتان دەکەمەوە بە هیچ شێوەیەک قابلی قەبوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بکرێت بۆ وەرگرتنی مافێکی ڕەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەر.

ئەو وتانەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە،   سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی لە چەند ناوچەیەکی هەرێم وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دابەشکردنی زەوی و زاری حکومەت بەبێ ڕەزامەندی ئەوان یاساشکێنیە و لێکەوتەی یاسایی بەدوادادێت .

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەفتارکردن و دابەشکردنی زەوی دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بێت، بۆ هەموو خەڵکە موستەحەق و شیاوەکان بێت و بەپێی بڕیار و ڕێکار و بنچینە یاساییەکان بێت .

ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم پاش ئەوەدێت کە دوێنێ پێنجشەممە ٨ی٤ی٢٠٢١، لە کەلار نزیکەی هەزار پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دابەشکرا.



ڕیکلام