بزوتنەوەی ئیسلامی داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکات لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیان دەربکات

  2021-04-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بزوتنەوەی ئیسلامی داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەبۆنەی جەژن و مانگی رەمەزانەوە، لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیان دەربکات.

ئەمڕۆ هەینی ۱٦ی نیسانی۲۰۲۱، د. عەبدوڵا وەرتی، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەبۆنەی جەژن و مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە داوا لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین، لێبوردنێکی گشتی دەربکەن بۆ زیندانیانی هەرێمی کوردستان".

وتیشی، داوا دەکەین پێداچوونەوە بە کەیسی  سەرجەم ئەو زیندانیانە بکرێت کە بە بیانووی سیاسی، ئیسلامی و هەندێ بابەتی ترەوە دەستگیر کراون کە تێیاندا هەیە ماوەی یاسایی زیندانی خۆی تەواو کردووە، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە و هەشیانە جۆری حوکمەکەیان پێویستی بە تەمیز کردنەوە هەیە .

وتەبێژی بزوتنەوە راشیگەیاند، ئەو زیندانیانە بەشێکیان تاوەکو ئێستا هیچ حوکمێکیان بۆ دەرنەچووە و لە چاوەڕوانیدان تاوەکو بە پێی یاسا ماوەی حوکمەکەیان بۆ دەربچێت، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست و پەنجەیان نەرم بکەن و لێبوردە بن بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە بگێڕنەوە بۆ ناو خێزانەکانیان.



ڕیکلام