کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ١٥هەزار کارمەند بە شێوەی گرێبەست لە سنوری پارێزگایی هەولێر دادەمەزرێنێت، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێریش دەڵێت: رێژەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران گەیشتوەتە ٧٠%.
عەبدولڕەزاق مشیر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەڕی پارتی رایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا تا ١٥ی ئەم مانگە، پرۆسەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران بەردەوام بوو و رێژەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەش گەیشتە ٧٠%، کە تا ئێستا ٧٠٠هەزار کارتمان دابەش کردووە و ٣٠هەزاری دیکەش ماوە و ئەوانیش دابەش دەکەین.
وتیشی، لە هەنگاوێکی دیکەدا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان، دەست بە دامەزراندنی کارمەند بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەڕێوەبردنی کاروباری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەین، کە بۆ هەولێر ١٥هەزار کارمەند بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێنین.
دەشڵێت: تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتیان بۆ دامەزراندن، لە رێگەی ماڵپەڕی خۆمان دەبێت و بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت، کە فۆڕمێک ئامادە دەکەین و هاووڵاتیان دەتوانن پڕی بکەنەوە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا مەرجەکان و وادەکە رادەگەیەنین، چونکە پێویستمان بە کارمەند هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.