بەهار حسەینی
لیلێکت پێیە
سەری کۆڵانەکەتان دەدەیتەوە
دەبینی ماڵەکە ڕماوە ،
کتوپڕ دەمری .
ئەرێ هاوڕێم کەس نازانێ کەی قەرارە بمرێت .
*
هاوين بوو
بۆنى پڕتەقاڵ دەهات
نينۆكەكانم له پێستى رۆكردبوو .
وتت :
بۆنتم دەوێ .
پياسەكەت زۆرى خاياند
شار بووه ڕەنگى پڕتەقاڵ
پڕتەقاڵەكه ون بوو .
كاتژمێريش
هاوين بوو
به فر تا چۆكم هاتبوو .
*
چ بەهارێکی لە مندا
کە بیرت لێدەکەمەوە
ماڵمان پڕ دەبێت لە پەپوولە
پڕ دەبێت لە هەور
دەباری و
بیر لە چەتر ناکەمەوە .
*
لەسەر گۆڕی ئازیزێکت دانیشتویت
حەزت لێیە لە باوەشی بگریت
حەزت لێیە بۆنی بکەیت
حەزت لێیە دەنگی ببیستیت
حەزت لێیە بانگی بکەیت .
کە خۆر وردە وردە
لە غوربەتدا ئاوا دەبێت و
کەسێ کە دەتەوێ
لە باوەشی بگریت و ناتوانیت
کەسێ کە دەتەوێ
دەنگی ببیستیت و ناتوانیت
کەسێ کە دەتەوێ
دەنگی ببیستیت و ناتوانیت
کە سێک کە دەتەوێ
بانگی بکەیت و
ئەو وەڵامی نییە
تۆش وەک خۆری غرووب ئاوا دەبیت،
تۆش وەک خۆری غرووب ئاوا دەبیت .
*
_با_بوو، فەزای رەز .
تاریکبوو دنیای خۆر .
بە فانۆسێکی کۆن
رێگای بن ترێکانمان بڕی و
لەناو دەنگی تاڤگەدا
سەمایەکی بێ مانامان کرد .
کە بەرەو هەوراز دەچووین
رووناکیی کوژایەوە و
لە تاریکیدا کەوتین ..
بەڵام لە لێژاییدا
شەو بوو بە رۆژ و
خۆر درەوشایەوە.