کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان پەیامێکیان ئاڕاستەی ڕای گشتی کرد

  2021-04-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئامادە سلێمان کوڕی یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان بە نوێنەرایەتی کەسوکاری گیراوەکان پەیامێکی لەسەر دۆسیەی گێراوەکانیان ئاڕاستەی رای گشتی کرد.

لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان هەموو تۆمەتێک رەتدەکەنەوە کە لەژێر ئەشکەنجە و هەرەشەدا لەژێردەستی ئاسایشیدا لێیان وەرگیرابێت.

ئامادە سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان ماوەی ٨ مانگە هیچ زانیارییەک دەربارەی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی کەسوکاریان نازانن، بە هیچ شێوەیەک مافی پەیوەندیکردنیان نەبووە لەگەڵ گیراوەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا جەختیکردەوە، ماوەیەک لەمەوبەر لە کاتێکدا لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر نزیکەی ١٠٠ کەس لە کەسوکارەکانی دەستگیراوەکان کۆبوونەوە، لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراون و ماوەی ١٥ کاتژمێر دەستبەسەر کران و نزیکەی ٢١ کەسیان خرابوونە زیندانی تاکە کەسییەوە.

داواشی لە هاوڵاتیانی کوردستان کرد لەسەر مافی چالاکان و ڕۆژنامەنووسانی بادینا بێنە دەنگ، بە مەبەستی گەیاندنی داواکانیشیان سەردانی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان دەکەن لە هەرێمی کوردستان. 

ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کراون و لە ١٦ی٢ی٢٠٢١ دادگاییکردنی بەشێک لە گیراوەکان لە دادگای ژمارەی ٢ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادگا هەر یەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانیی سزادا.

ئەو بڕیارە کاردانەوەی ناوخو و دەرەوی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤی لێکەوەتەوە، بۆیە دواتر و لە ٤ی٣ی٢٠٢١ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەو پێنج کەسەی بڵاوکردەوە و بە "تۆڕێکی سیخوڕ" ناویبردن.


ڕیکلام