ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بادینان دەکات

  2020-09-14  | 
دۆسیە:  دهۆک
 مازن شنگالی
لە بەیاننامەیەکدا لقی دهۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان داوا دەکات بەزووترین کات و بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان بدرێتە پاڵ دەستگیرکراوانی بادینان ئازاد بکرێن.

ڕێکخراوەکە داواشی کردووە، بەپێی رێکەوتننامەی بەرەنگاربوونی ئەشکەنجەدان و هەردوو پەیمانامەی نێودەوڵەتی سیاسی و مەدەنی، بەدواداچوونێ بۆ ئەو مامەڵە  نامرۆڤانەیە بگرێت، کە بەرامبەر بە دەستگیرکراون کراوە .

لەبەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە بەپێی یاسا یەکێک لە مافە سەرەکیەکانی هاوڵاتیان ئەوەیە خۆپێشاندان بۆ داواکردنی ماف و خۆشگوزەرانی  ئەنجامبدەن، دوور لە توندووتیژی و هێرشکردنە سەر موڵکی گشتی ، لەهەمان کاتیشدا ئەبێت هێزە ئەمنیەکان گیانی خۆپێشاندەران بپارێزن و خۆیان بەدووربگرن لەبەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەریان .

لەبەیاننامەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستاندا داوای کردنەوەی ئۆفیسەکانی کەناڵی ئێن ئار تی کراوە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک و بەپێی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت .

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، لە ٢٨ی مانگی ڕابردووەوە (٤٥) هاوڵاتی و مامۆستا و چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی دهۆکەوە دەستگیرکراون و تەنانەت ژمارەیەک چالاکوان دەستگیرکراون بە تۆمەتی ئەوەی نیازیان هەبووە بەشداری لە خۆپێشاندانێکدا بکەن ، کە  تا ئیستاش ژمارەیەک چالاکوان و مامۆستا ماونەتەوە هێشتا ئازادنەکراون .

بەیاننامەکەی لقی دهۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە ١٣ی ئەیلول مامۆستا بەدەل بەرواری یەکێ لەو دەستگیرکراوانە لەلایەن دادگای دهۆکەوە بە بڕی ٢ ملیۆن دینار سزادرا، لەهەمان کاتیشدا چالاکوان ئۆمێد حاجی بەرۆشکی دوای بە کەفالەت ئازادکردنی بە نزیکەی ٦ کاتژمێر جارێکیتر لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرایەوە ، بەوەش لە ئێستادا هەر یەکە لە بەدەل بەرواری و ئۆمێد حاجی بەرۆشکی و دڵشاد گۆهەرزی دەستبەسەرن، کە ماوەی ٢٨ ڕۆژە دەستگیرکراون.



ڕیکلام