باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان تووشی جەڵتەی دڵ بوو

  2021-04-01  | 
 مازن شنگالی
باوکی بەندەوار ئەیوب، کە یەکێکە لە دەستگیرکراوانی بادینان، تووشی جەڵتەی دڵ بوو.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، ئەیوب رەشید ئەیوب باوکی بەندەوار ئەیوب، یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان ماوەی هەفتەیەکە تووشی جەڵتەی دڵ بووە.

لەوبارەیەشەوە برایەکی بەندەوار ئەیوب بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، "پاش دەستگیرکردنی براکەمان، باوکم تووشی خەم و خەفەتێکی زۆر بوو و هەرئەوەش بووەهۆی ئەوەی کە تووشی جەڵتەی دڵ ببێت".

ئاماژەی بەوەشکرد کە چەند رۆژێکە ئەیوب ڕەشید ئەیوب بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەئێستادا دۆخی تەندروستی جێگیرە.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئەیوب ڕەشید ئەیوب لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر دادگا بیسەلمێنێت کە کوڕەکەی سیخوڕە و دەستی هەبووە لە تێکدان و ئارامی هەرێمی کوردستان، بەدەستی خۆی دەیکوژێت.

ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کراون و لە ١٦ی٢ی٢٠٢١ دادگاییکردنی بەشێک لە گیراوەکان لە دادگای ژمارەی ٢ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادگا هەر یەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانیی سزادا.

ئەو بڕیارە کاردانەوەی ناوخو و دەرەوی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤی لێکەوەتەوە، بۆیە دواتر و لە ٤ی٣ی٢٠٢١ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەو پێنج کەسەی بڵاوکردەوە و بە "تۆڕێکی سیخوڕ" ناویبردن.



ڕیکلام