لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە هەولێر شۆفێرێک سەری لە جەستەی جیادەبێتەوە

  2021-04-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەسەر ڕێگای باسرمە-هەریر- قەندیل، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەبێتەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ و بەوهۆیەشەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلێک سەری لە جەستەی جیادەبێتەوە.

فازڵ حاجی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، "لە کاتژمێر دەوروبەری 6ی ئیوارەی ئەمڕۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بەهۆی موڵکداری لەنێوان دوو بنەماڵەدا سەریهەڵداوە".

روونیشیکردووەتەوە، بەهۆی کێشەکەوە چەند کەسێک لە بنەماڵەیەکیان بەچەکەوە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی لە سەر ڕێگای باسرمە-هەریر- قەندیل کە رێگایەکی خێرایە، لە ئۆتۆمبێل دادەبەزن و ئۆتۆمبێلەکەیان لە ناوەندی ڕێگاکە بەجێدەهێڵن و بەرەو شوێنێکی تەنیشتی ڕێگاکە دەڕۆن بۆ شەڕکردن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو کاتەشدا ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بەخێرایی دێت و شۆفێرەکەی پێشبینی ئەوەی نەکردووە کە ئەو ئۆتۆمبێلەی پێشێی لە ناوەندی ڕێگاکە وەستاوبێت، لە هەمانکاتدا دەنگی تەقەش دێت، بۆیە شۆفێرەکە بەخێراییەکی زۆرەوە خۆی دەکێشێت بەدواوەی نیسان سەنیەکەدا، دواتر کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و بۆ سایدی دیکەی ڕێگاکە رۆیشتووە و وەرگەڕاوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەگەڵ وەرگەڕانی بارهەڵگرەکە، شۆفێرەکە لە ئۆتۆمبێلەکەی کەتووتەخوارەوە و کەوتووەتە ژێر بارهەڵگرەکەیەوە و دەستبەجێ سەری لە جەستەی جیابووەتەوە.

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاند، شۆفێری نیسان سەنییەکە بەخەتاباری سەرەکیی ڕووداوەکە دانراوە.



ڕیکلام