لە مەریوان دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژران

  2021-04-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزە کوردییەکان روویدا و بەو هۆیەشەوە دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژران.

پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 8:05 خۆلەکی شەوی رابردوو بە کاتی ئێران، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسدارانی شاری مەریوان و گروپێکی چەکداری نەیاری حکومەت روویداوە و لە ئاکامدا دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو شەڕەدا دوو چەکداری گروپی بەرامبەر کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون و ئەوانی دیکەش هەڵاتوون.

هاوکات رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە، ئەو شەڕە لە ناوچە شاخاوییەکانی گوندی چنارە-ی سەر بە شاری مەریوان لە نیوان هێزەکانی سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی یەکێک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە.

ئاشکراشیکردووە، یەکێک لەو ئەندامانەی سوپای پاسداران کە کوژراوە، ناوی حاجی عوسمان دەرەوەران بووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی٤ی٢٠٢١، هەلیکۆپتەرە جەنگییەکانی سوپای پاسداران بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.

تاوەکو ئێستاش هیچ یەک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەیان لەئەستۆ نەگرتووە و زانیاریان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.



ڕیکلام