سوپای پاسداران هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکرد

  2021-03-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لە چەند رۆژی رابردووا بە چەکەوە لە ناو شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێ دەرکەوتن، سوپای پاسدارانی ئێران هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە.

میدیاکانی نزیک لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بڵاویانکردەوە،  ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی "دزەی مەرگەوەڕ" سەر بە پارێزگای ورمێ فشاریان بۆ  بنەماڵەی پێشمەرگەکانیان هێناوە .

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوچەی دزەی مەڕگەوەڕ بڵاویکردووتەوە، "رۆژی رابردوو هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان و سەرەڕای پشکنینی ماڵ و شوێنی کارەکانیان هەڕەشەی ئەوەیان لێکردوون کە ناهێڵن چاویان بە ڕووناکایی بکەوێت ".

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بنەماڵەی پێشمەرگەکان بانگهێشت دەکەن و هەڕەشەیان لێ کراوە .

ئەوەشخراوەتەڕوو، بە بنەماڵەی ئەو پێشمەرگانە وتراوە کە نابێت لەبارەی بانگهێشتکردنیان باسی هیچ شتێک بکەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە تیایدا چەند پێشمەرگەیەک بە چەکەوە لەناو شاری شنۆ دەردەکەون، دواتر چەند بەرپرسێکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، رایانگەیاند، ئەو کەسانە پێشمەرگەی ئەوان بوون کە لەناوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی دەکەن و ناگەڕێنەوە سنورەکانی هەرێمی کوردستان.



ڕیکلام