کۆمپانیای فایزەر: ڤاکسینەکەمان لە دوو وڵات ساختە کراوە

  2021-04-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە ڤاکسینی دژە کۆرۆناکەیان لەهەردوو وڵاتی مەکسیک و پۆڵەندا ساختە کراوە.

رۆژنامەی  -وول ستریت جۆرناڵ- بڵاویکردووەتەوە لە مانگی شوباتی ڕابوردوودا لە ویلایەتی –نیفو لیون-ی مەکسیک پۆلیس شەش کەسیان لە نۆرینگەیەکدا دەستگیر کردووە کە سەرقاڵی پێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بوون، پاش بە دواداچوون بۆیان دەرکەوتووە کە نوسراو و لەزگەی سەر پێکوتەکانیان ساختەکردووە و پێکهاتەی ناو شوشەکانیش ئاوی ئاسایی بووە.

پۆلیس ئەوەشی خستووەتە ڕوو تا ئەو کاتەی دەستگیریان کردوون ڤاکسینەکەیان بۆ ٨٠ کەس بەکارهێناوەو لەبەرامبەردا بۆ هەرکەسێک بڕی ١٠٠٠ دۆلاری ئەمریکییان وەرگرتووە.

پۆلیس رایانگەیاندووە دوای بەداواداچوون بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی ڤاکسینەکەیان بەکارهێناوە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.

کۆمپانیای فایزەر رایگەیاندووە لە پۆڵەنداش لە مانگی کانوونی دووەمى ڕابوردودا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستیان گرتووە بەسەر شوقەیەکدا کە ڤاکسینی ساختەی تێدابووە و پێکهاتبوون لە ترشی ھیالۆرونیک کە لە بنەڕەتدا بۆ لابردنی چرچی پێست بەکاردێت بەلام تا ئەو کاتەی دەستی بەسەردا گیراوە بۆ هیچ کەسێک بەکار نەھێنرابوو.

کۆمپانیای فایزەر بە فەرمی ڕایانگەیاندووە دوای ئەوەی پشکنینیان بۆ ڤاکسینەکان کردووەتەوە بۆیان دەرکەوتووە کە هەردوو ڤاکسینەکەی مەکسیک و پۆڵەندا ساختەن.


ڕیکلام