نەخشەی نوێی ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتی گەورەی نوری موسڵ نارەزایی لێکەوتەوە

  2021-04-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی هونەری بۆئاوەدانکردنەوەی مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ، داوای لە ڕێکخراوی یونسکۆ کرد، ئەو نەخشە و شێوازی ئاوەدانکردنەوەیەی مزگەوتەکە ڕابگرێت، چونکە نامۆیە بە شاری موسڵ و هیچ ئاماژەیەکی تیا نییە بۆ دانیشتوانەکەی.

میقدام جەمیل ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەو شێوازە نوێیە کە بۆ مزگەوتەکەد دانراوە زوڵمکردنە لە مافی ئەندازیارانی بیناسازی  شارەکە و بیناسازانی عێراقی، چونکە دەستوەردانیان نەکردووە لە نەخشە و ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتی گەورەی نوری، کە بە یەکێک پاشماوە دێرینەکانی شارەکە دادەنرێت.

 ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتەکە سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا،  هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ دەستوەردانی لایەنێکی دیکەی بیانی لە دۆسیەی ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتەکەدا.

جەمیل ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو نەخشە و شێوازەی کە هەڵبژێردراوە، پرۆژەیەکی نامۆیە و ناگونجێن لەگەل مەرجە ژینگەییەکانی بیناسازی موسڵدا، جگە لەوەش ئەو بینایەی کە بە دەورویەوەتی شایان بە بیناسازی دێرینی مزگەوتەکە نییە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ڕوونیکردووەتەوەن پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی مزگەوت و باڵەخانە مێژووییەکانی موسڵ، نابێت نوێگەری و گەشەپێدانی تیا پەیڕەو بکرێت، لەڕێی دروستکردنی باڵەخانەی نوێیە وەک ئەوەی لە نەخشە نوێیەکەی مزگەوتی نوریدا پەیرەو کراوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتەکە راشیگەیاند، مەبەست لەوەش نەسڕینەوەی ڕۆحی منارەی حەدبایە، کە بە دروشمێکی ناسراوی موسڵ دادەنرێت، بەڵکو دەبێت پابەندی سەرجەم شێوازە بیناسازییەکانی پێشتر بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو شوێنە مێژوویی و دێرینانە وەک خۆیان بمێننەوە، کە مێژوویان بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە.

ڕوونیشکردەوە، سەندیکای ئەندازیارانی بیناسازی موسڵ، داوایان لە ئەنجومەنی پارێزگا کردووە، یاداشت بەرز بکەنەوە بۆ ڕێکخراوی یونسکۆی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتەکە ڕابگرێت و بگەڕێنەوە بۆ ئەو لیژنە هونەرییە کە پێکهاتووە بۆ سەرپەرشتی ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی یونسکۆ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئاشکرایکرد، کۆمپانیایەکی میسری کاندید کراوە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی مزگەوتی وری، ئەوەش ڕووبەڕووی رەخنە و گلەییەکی زۆربۆوەة، کە بۆچی ئەندازیاری عێراقی ناوخۆیی هەڵنەبژێردراون بۆ سەرپەرشتیکردنی مزگەوتەکە.

مزگەوتی نوری گەورە لە موسڵ، بە یەکێک لە کەلەپورە دێرینەکانی شارەکە دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقێنرایەوە.



ڕیکلام