تەڤگەری ئازادی: هێرشەکانى داعش و تورکیا بۆ سەر هەرێم لەچوارچێوەی یەک پلاندایە

  2021-05-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
‎دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی، لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێت: هێرشی داعش بۆسەر پێشمەرگە و ھێرشی تورکیا بۆ ناوچە سنوریەکان لەیەکتر دابڕاو نین و لەچوارچێوەی یەک پلاندایە.

ڕاشیدەگەیەنێت، هاوکاریەکانى هاوپەیمانان لەڕوو چەک و ئامێرى پێشکەوتووە بۆ هێزەکانى پێشمەرگە جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە و ئەنجامەکەی بەچاوی خۆمان دەبینین.

هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی، بەپێویستیشى دەزانێت، وەزارەتی پێشمەرگەو لیژنەی پێشمەرگە لە پەڕلەمانی کوردستان بەگرنگییەوە لە دۆخ و ژیانی پێشمەرگە بڕوانن.

ئەوەش دواى ئەوەدێت، لە سنووری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە دروستبوو، بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندارن.


دەقى ڕاگەیەندراوەکە:

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمشەو لە دەوروبەری پردێ و لە بەرزاییەکانی (زورگەزراو) بەهۆی هێرشی تیرۆرستانی داعش سێ پێشمەرگە شەهید بوون و چەند پێشمەرگەیەکیش بریندار بوون

وەک تەڤگەری ئازادی سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەکەین و لە ناخەوە خەمباری خۆمانتان پێ ڕادەگەیەنین، وە هیوای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین

دەمانەوێت ئەوەش ڕابگەیەنین کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان و ئەو جوڵانەی داعش لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لەیەکتر دابڕاو نین و پەیوەندیەکی توندوتۆڵ لە نێوانیاندا هەیە و لە چوارچێوەی یەک پلاندایە، وە نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی بەرگری عێراق و یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆخۆی بەشێکە لە هۆکاری ئەم هێرشانە، هەربۆیە دەبێت هەرچی زووە هێزەکانی پێشمەرگە یەک بخرێنەوە.

وێڕای ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆژانە دەڵێن ئێمە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ئاسایشی هەرێم سەرف دەکەین و خاوەنی جۆرەها چەک و ئامێری پێشکەوتوی سەربازین، ئەوەتا ئەنجامەکەی بەچاوی خۆمان دەبینین، بۆیە ئەمەش جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە.

دەبێت باش بزانین لە ئێستادا و لە داهاتوشدا مەترسی گەورە لەسەر ئاسایشی هەرێم و بە گشتی عێڕاق هەیە، هەربۆیە دەبێت گەلەکەمان لەم مەترسیانە ئاگاداربکرێنەوە و تەدبیر وەربگرین بۆ داهاتوو، وە گیانی وڵاتپارێزان بۆ ئێمە لەهەموو شتێک گرنگترە بۆیە ئەبێت وەزارەتی پێشمەرگەو لیژنەی پێشمەرگە لە پەڕلەمانی کوردستان بەگرنگییەوە لە دۆخ و ژیانی پێشمەرگە بڕوانن

دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی

1/5/2021



ڕیکلام