بەهۆی لافاوەوە 10 کەس لە ئێران گیانیان لەدەستدا

  2021-05-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی باران بارینی زۆر و دروستبوونی لافاو، 10 کەس لە ئێران گیانیان لەدەستدا.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری مەهدی وەلی پور سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاری سەربە مانگی سوری ئێران بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەی ماوەی چەند رۆژێکە زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، لە هەشت پارێزگا لافاو دروستبووە و بەوهۆیەشەوە لانیکەم ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارەیەی کە گیانیان لەدەستداوە، شەش کەسیان کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای شاری کرمان بوون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لافاو لە بەشێک لە پارێزگاکانی تاران، خوراسانی رەزەوی، خوراسانی باشوور، کرمان، سمنان و ئەسفهان کێشەی هاتووچۆی دروستکردووە.

سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاری سەربە مانگی سوری ئێران راشیگەیاندووە، تاوەکو ئێستا تیمەکانیان ٢٠ ئۆتۆمبێل و سەرنشینەکانیان رزگارکردووە کە بەهۆی لافاوەوە گیریان خواردبوو.

دروستبوونی لافاو لە هەشت پارێزگای ئێران لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، بەهۆی بێ بارانی و دابەزینی ٥٠٪ی سەرچاوە ئاوییەکان، بەکارهێنانی ئاو و کارەبا کەم بکەنەوە.



ڕیکلام