دوای دوو مانگ له چاوه‌ڕوانی بۆ پێداچوونه‌وه‌ی كه‌یسی رۆژنامه‌نووس و چالاكوانانی بادینان كه دادگای كه‌تنی هه‌ولێر سزای 6 ساڵ زیندانی به تاوانی سیخوڕی بۆ بڕیبوونه‌وه، بەڵام دواجار لەمانگی رەمەزان ئه‌و ئومێده‌ش بووه بڵقی سه‌رئاو و ئەمڕۆ دادگای پێداچوونه‌وه بڕیاره‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد و مۆری کۆتایی لێدا، ئەمەش هێنده‌ی تر هه‌رێمی كوردستانی خستە ژێر پرسیاره‌وه و ئەوەندەی دیکە دڵی كه‌سوكار و هاوڕێی ده‌ستگیركراوه‌كانی نیگه‌رانكرد.
بەپێی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێم تاوانه‌كانی رۆژنامەنووس و چالاکانی بادینان بریتی بووه له:
١-هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ كونسوڵگەری ئەمریكا و ئەڵمانیا لەهەولێر.
٢-كۆبونەوەیان لەگەڵ كونسوڵی ئەڵمانیا كردووە لەیەكێك لە هۆتێلەكان.
٣- بڕی نزیكەی (5 هەزار)دۆلاریان لە رێكخراوێكی ئەمریكی وەرگرتووە.
٤-پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە هەبووە.
٥-ڤیدیۆیان لەبارەی جموجوڵی پێشمەرگە لە ناوچەی شیلادزێی و بیرە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان داوە بە رێكخراوی پارێزەرانی جیهانی.
٦- زانیاریان داوە بە رێكخراوی 17ی شوبات لەسوید.
هه‌روه‌ها له بڕیاره‌كه‌دا هاتووه كه دانپێدانانه‌كانیان له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌دا ئازادانه بووه و هیچ زۆركارییه‌كی تێدا نه‌بووه، به‌ڵام كه‌سوكار و نزیكه‌كانی ئه‌مه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه.
نزیکەى دوو مانگە بڕیارەكه‌ی دادگاى تاوانەکانى هەولێر لە دادگاى تەمیزى هەرێمى کوردستانە، لە ماوەى ئەم دوو مانگەدا دەیان داواکارى و رەخنە و ناڕەزایی بەرزکرانەوە تا دادگاى تەمیز وەک دوایین فلتەر و بێلایه‌نانه بە بڕیارەکەدا بچێتەوە و هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كانی نێو دۆسیه‌كه بدۆزێته‌وه و دۆسییەکە جارێکى تر رەوانەى دادگا بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بە دەنگدان پرسەکەى یەکلاکردەوە و بە زۆرینەى دەنگ بڕیاریدا بڕیارى زیندانیکردنەکە پەسەند بکات.
ئەم دەستەیە لە 5 دادوەر پێکدێت و له‌ڕووی پێكهاته‌وه كێشه‌ی بونیادیی هه‌یه و سیستمی دادوه‌ری له هه‌رێم ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، چونكه بەپێى یاسا دەبێت سیستمی دادوەریی سەربەخۆ بێت و دادوه‌ره‌كانیش سه‌ربه حیزبی سیاسی نه‌بن، بەڵام به پێچه‌وانه‌وه 3 دادوەریان لەسەر پارتى و ٢ دادوەریان لەسەر یەکێتى هەژمار دەکرێن.
ئه‌وانه‌ی كه ده‌نگیان داوه بۆ پەسەندکردنی سزاکە، ٣ دادوەری سەربە پارتی بوون، بەو پێیه‌ش بووە زۆرینەى دەنگ، به پێی زانیارییه‌كان ئەو دادوەرانەش کە لەسەر پارتى هەژمار دەکرێن، لە بڕیارەكه ناڕازیی بوون و دڵنیابوون کە سزادانەکە سیاسییە، بەڵام نەیانتوانیوە بە نەخێر دەنگ بدەن و بڕیارە رەتبکەنەوە، چوونكه پێشتر پلانی بۆ داڕژراوه وه‌ك پارێزه‌ری دۆسیه‌كه به ئاشكرا ڕایگه‌یاندووه.
لەتیف مستەفا پسپۆڕى یاسای دەستووریی لە نوسینێکدا دەڵێت : بەداخەوە دەستەی سزایی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم کە لە پێنج دادوەر پێکدێن، بە زۆرینەی دەنگی سێ دادوەر سزای بەندکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد.
دەشڵێت: ئەمڕۆ رۆژێکى تر‌ى رەش و وەرچەرخانێکی ترسناکە ،لە رووی بەکارھێنانی دادگا بۆ سزادانی سیاسی، ناوبانگی ھەرێمیش زیاتر ناشیرین دەکات.
ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ڕووبه‌ڕوویان كرابوویه‌وه ،تۆمەتى سیخوڕیی و تێکدانى ئاسایشى نیشتمانی بوو، بەڵام لە لایەن کەسوکار و پارێزەرەکان و چەندین رێکخراوى نێودەوڵەتییەوە، ئەو تۆمەتانە رەتکرانەوە ، وەک هەوڵێک بۆ لێدان لە ئازادى بیروڕا و ئازادى راگەیاندن و رێگرتن لە رەخنە لێکدرایەوە.
ئەمریکا کە یەکێکە لە وڵاتە دۆستەکانى هەرێم، چەند جارێک هۆشداری داوه‌ته ده‌سه‌ڵاتداران کە ئازادى رۆژنامەنووسى و بیروڕا پێشێل نەکرێت، چەندین رێکخراوى نێودەوڵەتى بوارى رۆژنامەگەرى و مافەکانى مرۆڤیش له‌وباره‌یه‌وه رەخنەى توندیان لە هەرێمى کوردستان گرت .
ڕێکخراوى CPTى ئەمریکى لە هەرێمى کوردستان رەخنەی توندی لە شێوازی سزادانی گیراوانی بادینان دەربڕیووە و دەڵێت: لە4/3/2021 ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەو پێنج کەسەی بڵاوکردەوە و بە "تۆڕێکی سیخوڕ" ناویبردن، كه مه‌سرور بارزانی خۆی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.
ڕێكخراوه ئه‌مریكیه‌كه ئەو كاره بەهەڕەشە دادەنێت بۆ سەر پرۆسەى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمى کوردستان له‌وباره‌یه‌وه بە تۆڕى هەواڵى ژیانى ڕاگەیاند: تیمی پارێزه‌رانی ده‌ستگیركراوان باس له هه‌ڵه‌كانی دادگاییه‌كه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: ناكرێت ئاسایش له‌ناو هۆڵی دادگاییه‌كه‌دا خۆی دادوەر بێت و له‌هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ر خۆی یەکلاییکەرەوە بێت.
دادگای كه‌تنی هه‌ولێر لە 16شوباتی 2021 هەر یەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانیی سزادا و رۆژی 28/4/2021 دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕیاره‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد.