مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەکاربهێنێت و لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوانی بادینان دەربکات.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای تەمیز بۆ پەسەندکردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج چالاکوان و رۆژنامەنووسەکەی بادینان بڵاوکردەوە و دەڵێت: پێشهاتێكی له‌مجۆره، مەترسییەکی گەورەیه لەسەر سەروەری دادگاکان، بنەماکانی مافی مرۆڤ، دیموکراسی و ئازادیی راده‌ربڕین له‌ناو هه‌رێم، و وێنای ھەرێمی کوردستانیش لەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.
داواش دەکات، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەکاربێنێ و لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەکان دەربکات، هاوكات پەرلەمانی کوردستانیش ھەڵوەستەی جددی بکات لەسەر کەیسەکە و سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاته‌كان له ده‌ستێوه‌ردانی یه‌كتری بپارێزێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان:
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەوپەری نیگەرانیەوە دەڕوانێتە بڕیاری دادگای تەمیزی ھەرێم لەبارەی پەسەندکردنی سزای ناعادیلانەی سەر چالاکوان و رۆژنامەنوسە دەستگیراوەکانی بادینان. پێشهاتێكی له‌مجۆره، مەترسییەکی گەورەیه لەسەر سەروەری دادگاکان، بنەماکانی مافی مرۆڤ، دیموکراسی و ئازادیی راده‌ربڕین له‌ناو هه‌رێم، و وێنای ھەرێمی کوردستانیش لەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وێرای ئەوەی لەرێگای کەناڵە رەسمیە جۆراوجۆرەکانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەرخستووە بۆ لابردنی سزای ناعادیلانەی سەر دەستگیراوەکانی بادینان، لەھەمان کاتدا داوا دەکات بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەکاربێنێ و لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەکان دەربکات، هاوكات پەرلەمانی کوردستانیش ھەڵوەستەی جددی بکات لەسەر کەیسەکە و سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاته‌كان له ده‌ستێوه‌ردانی یه‌كتری بپارێزێت. هه‌روه‌ها پێشوازی له هه‌ر پارت و لایه‌نێكی سیاسی ده‌كات كه ده‌نگی خۆیان بخه‌نه پاڵ ده‌نگی یه‌كێتی بۆ سه‌روه‌ریی یاسا و سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
مەکتەبی سیاسی یه‌كێتی جەختیش دەکاتەوە، ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و گەلەکەمان، پێویستی بە پشتیوانی و ھاوسۆزی وڵاتانی دۆست ھەبووە و ھەیە، تۆمه‌تباركردنیان به ناڕه‌وا و نیگه‌رانكردنیان خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان ناكات، و بۆ ئەوەی لە تەنگەژەکاندا پشتیوانی ئه‌زموونه‌كه‌مان بن، پێویستە به چاوی وه‌فاوه لێیان بڕوانرێت و رێزیان لێ بگیرێت.
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٧/٥/٢٠٢١