فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر بڕیاری سزادراوانی بادینان بڵاوکردەوە

  2021-05-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، لە بارەی سزادراوانی بادینانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە لایەن و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کرد، ڕێز لە دادگا و سەروەریی یاسا بگرن لە هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوو لەدوای بڕیاری دادگا بۆچەند دەستگیرکراوێک، کە لەژێر رۆشنایی بەڵگە و دۆکیۆمێنت و دانپێدانانی خۆیاندا و بە ھەموو پڕۆسەیەکی یاسایی و کراوەدا بە پێی حوکمی یاسا بەرکارەکان سزادراون، ھەندێك لایەن و فراكسیۆنی په‌رله‌مانی دوور لە بنەماکانی جیایی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان، کەوتوونەتە وێزەی دادگا و سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت دەست لە کاروباری دادگاکان وەربدەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی  هاتووە "ئێمە بەر لە هەرکەسێک خۆمان بە پێشڕەوی رێزگرتن لە یاسا و وننەبوونی حەق دەزانین، پاڵپشتی ئازادی و بیروڕای ئازاد دەکەین، بەڵام  بۆ مەرامی سیاسی و ململانێی حیزبی و موزایەدە و بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستخۆشی لەهیچ کەسێک ناکەین، كه‌ ئازادی و دیموکراسی و بەرگی رۆژنامەگەری بکاتە سێبەرێک لەپەنایدا سیخوڕی و کاری تێکدەرانە و پلانی تێکدانی هەرێمی کوردستان دابڕێژێت".

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان راشگەیاندووە، ئێمە دەمانەوێت دادگا ئازایانە هەموو بڕیارێکی عادیلانە بدات و لەژێر کاریگەری هەست و سۆز و دەستوەرداندا نەبێت، لیژنەکانی پەرلەمان دەبێت بزانن زەوی دزین و قاچاغی و ماددەی هۆشبەر و خواردنی بەسەرچوو و دوگی قاچاغ لەبری دروستکردنی میدیا و پەیج و جنێودان بە قازانجەکانیان و پڕکردنی گیرفانی قاچاغچییەکان، دەبێت دادگایی بکرێن چونکە بکەرانیان هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەوانەی دەیانەوێت هەرێم لەناو ببەن، بۆیە حەق وایە بەدواداچوونی وردبکەن لەمبارەیەوە ئەگەر خەمێک بۆ سەروەری داگاو یاسا هەیە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، دەبێت دادگا بەرچاوی روون بێت و کەیسەکانی دیزە بەدەرخۆنە نەکرێن، وەک ئەوەی بینیمان بەر لە ماوەیەک دوو رۆژنامەڤانی دیاری ئەم هەرێمە  لەشاری سلێمانی بێ دادگایی و بێ ئەوەی تاوانیان دەستنیشانبکرێت، لەگەڵ کۆرپەکەیان لەبەرچاوی هەموو دنیا شەهیدکران.



ڕیکلام