نازم دەباغ: ئێران زۆر لەوە بەئاگاترە باوەڕ بە هەواڵی چەواشەکارانە بکات

  2021-05-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ئەوەی کە هێزەکانی هەرێم دەستیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبووە، بەشێکە لەو پلانەی کە دەیانەوێت ئاژاوە لە نێوان کورد و کورد یاخود یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئێراندا دروست بکەن.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک سەبارەت بە کوشتنی قاسمی سولەیمانی و تێوەگلانی دژە تیرۆری یەکێتی لەو پرسەدا بە هەواڵێکی چەواشەکاری دەبینم، هەروەک لە رابردووشدا چەندین جار شتی وا روویداوە".

وتیشی، ئەگەر ئەو جۆرە هەواڵ و راپۆرتانە راست بوونایە، تاوەکو ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیک لە شێوەکان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان یاخود حکومەتی هەرێمی ئاگادار دەکردەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، "وک نوێنەری یەکێتی و هەرێمی کوردستان لە ئێران، پێشتر چەندین جار لەسەر بابەتی جۆراوجۆ بانگهێشت کراوم و ئاگادار کراومەتەوە، بەڵام ساڵێک زیاتر بەسەر ئەو رووداوەدا تێدەپەڕێت و هیچ شتێک لەو بارەیەوە بە من نەوتراوە".

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتەی لەم کاتەدا بۆ چەند شت گەڕاندەوە و وتی: "بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە چەواشەکارییانە بەشێکە لەو پلانەی کە دەیانەوێت ئاژاوە لە نێوان کورد و کورد یاخود یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئێراندا دروست بکەن، بەڵام من پێموایە کە ئاستی زانیاری ئێران زۆر لەوە بەرزترە و زۆر بەئاگاترە لەوەی کە باوەڕ بەو هەواڵە چەواشەکارییانە بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو هەواڵە راست بووایە، چۆن لە ماوەی رابردوودا بەرپرسانی باڵای ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەتایبەتیش کە لە چەند رۆژی رابردوودا محەمەد جەواد زەریف سەردانی هەرێمی  کرد و و سوپاسی لایەنی کوردستانی کرد بۆ هاوکاریکردنیان لە هەموو بوارەکاندا.

ئەم لێدوانەی نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران پاش ئەوە دێت کە شەوی رابردوو ماڵپەڕی یاهونیوزی ئەمریکی راپۆرتێکی سەبارەت بە چۆنیەتی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە لەو رووداوەدا هێزەکانی دژە تیرۆری هەرێم هاوکاری هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا کردووە.



ڕیکلام