هاوپەیمانان پارە و هاوکاری نوێیان گەیاندە هێزەکانی پێشمەرگە

  2021-05-10  | 
دۆسیە:  پێشمەرگە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هاوپەیمانان بڕێکی دیکەیان لە هاوکاری و کۆمەک گەیاندووەتە هێزەکانی پێشمەرگە و رادەستی میرەی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرا کە بەشێکی پارە بووە وەک هاوکاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە زاری کۆلۆنێل (ویل دایڤس) ڕاوێژکاری سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانان بە چەند بەشێک هاوکاری و پاڵپشتی دارایی و لۆجستیان پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هاوکارییانە لەچوارچێوەی پڕۆگرامی راهێنان و پڕچەککردن بۆ لە ناوبردنی داعش بووە، بۆ مەبەستی شکستی بەردەوام و کۆتایی هێنان بە داعش لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وردەکاری ئەو یارمەتییە پێکهاتووە لە گوژمەیەک پارە، بۆ مووچەی مانگانەی پێشمەرگەی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنی و کەرەستە و کەل و پەلی شەڕکردن.

ئەو فەرماندەیەی هاوپەیمانان ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرماندەی هەر یەکەیەکی سەربازی، کە کەل و پەل و پێداویستی، لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی پرۆگرامی راهێنان و پڕچەککردن بۆ لە ناوبردنی داعشەوە پێدرابێت، پشکنینی ئەمنی و لێکۆڵینەوەی تەواوی  بۆ ئەنجام دراوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە، لەبوارەکانی  پەیوەندی بە تیرۆر و گەندەڵیەوە.

کۆلۆنێل (ویل دایڤس) ڕاوێژکاری سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان  جەختیکردەوە، ئامانج لەو کۆمەک و هاوکارییانە، بەهێز کردنی تواناکانی هێزەکانە بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان، کە ئەمەش پرۆسەیەکی بەردەوامە و هێزەکانی هاوپەیمانان، بەردەوام لەو رێگایەوە، دەیانەوێت کۆمەک و هاوکاری پێشکەش بە لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئه‌میر كه‌ریم خوڕشید  به‌ڕێوه‌به‌ری میرەی سەربازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، سوپاسی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی كردو رایگه‌یاند، ئه‌وان به‌ گرنگیه‌وه‌  سه‌یری ئه‌و هاوكاریانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ دەدرێن بە وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.



ڕیکلام