لاهور شێخ جەنگی: کەیسی سزادراوانی بادینان کاریگەریی خراپی لەسەر ناوبانگی حکومەتی هەرێم دەبێت

  2021-05-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لاهور شێخ جەنگی هاوسەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە میانی پێشوازیکردن لە باڵیۆزی یەکێتی یەکیتی ئەوروپا ڕایگەیاند، کەیسی سزادراوانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی بادینان کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ناو و ناوبانگی حکومەت و هەرێمی کوردستان.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، لە شاری سلێمانی پێشوازییان کرد لە مارتن هوس باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و ڤێنسنت گیووم پۆپۆ لێپرسراوی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان. لە دیدارێکدا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارەکەدا جەختیانکردووەتەوە لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە پێناو چالاککردنی پڕۆسەی سیاسی و گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکان.

هەر لەو دیدارەدا باسیان لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرد و پابەندکردنی هەردوولایان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و پەنابردنە بەر دەستوور و ڕێککەوتنە ئیمزاکراوەکانی نێوانیان. هاوکات بوونی نەخشەڕێگایەکی بنەڕەتی و درێژخایەنیان بە گرنگ زانی بۆ یەکلاییکردنەوەی هەموو کێشەکان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا هاوسەرۆکی یەکێتی وتی "هەردوولا هاوڕابووین لەسەر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و فراوانکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربرین و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، دووپاتمانکردەوە کە سەربەخۆیی دادگا لە کەیسی سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان بپارێزرێت، کە بە ڕای ئێمە ئەو کەیسە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ناو و ناوبانگی حکومەت و هەرێمی کوردستان کە چەندین ساڵە خەباتمان بۆ کردووە و قوربانیمان بۆ داوە تا گەیشتووین بەو ئاستەی ئێستا.

لە کۆتایی دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردنی میدیای ئازاد و پشتگیریکردنی چالاکوانان، هەر بەو پشتیوانییەش سلێمانی بووە بە شوێنی لەدایکبوونی ئازادی و میدیای ئازادی کوردستان، دووپاتیشیانکردەوە کە یەکێتیی بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتە و کاری زیاتریش دەکەن بۆ پتەوکردنی کۆڵەکەکانی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان. لەبارەی دەستووری هەرێمی کوردستان جەختیانکردەوە کە دەستوور بۆ هەمووانە نەک تەنها بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی ناویان ناوە زۆرینە و پێویستە لە ڕێگەی دەستەیەکی نوێ و پسپۆڕەوە بنوسرێتەوە کە تەنها بەرژەوەندیی گشتی تێدا ڕەچاو بکرێت.



ڕیکلام