ئەنجومەنی دادوەریی ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر لێکۆڵینەوە لە قاسم موسڵح بڵاوکردەوە

  2021-06-09  | 
ساتی ئازادکردنی قاسم موسڵیح قەرماندەی حەشدی شەعبی لە ئەنبار
دۆسیە:  حەشدی شەعبی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی دادوەریی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە لەسەر لێکۆڵینەوە لە قاسم موسڵح فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، لەسەر دۆسیەی تیرۆرکردن ئیهاب وەزنی چاکی مەدەنی لە پارێزگای کەربەلا.

  ئەنجومەنی دادوەریی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دادگا بە گوێرەی بەڵگەی بەدەستهاتوو مامەلە لەگەل هەر کێشیەکدا دەکات، کە دەگاتە دادگاکان بەو گوێرەی کە لە یاسادا ئاماژەی پێکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جیاوازی هەیە لە نیوان ڕێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوەی سەرەتای  لەگەڵ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگاوە، دوای جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە، دادگا بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەەوە لەو تاوانە دەکات کە دراوەتە پاڵ کەسێک، جا ئەگەر بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا بوو، ئەوا راستەوخۆ دادگای لێکۆڵینەوە دۆسیەی ئەو کەسە ئاراستەی دادگای تایبەتمەند دەکات، بە مەبەستی دادگاییکردن، بەڵام ئەگەر لایەنی پەیوەندار بەڵگەیان نەخستە بەردەستی دادگا لەسەر تاوانەکە، کەسی دەستگیر کراو ئازاد دەکرێت.

سەبارەت بە دۆسیەی ئیهاب وەزنی ئەنجومەنی دادوەریی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ڕوونبوونەوە بۆ دادوەرانی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە، دەرکەوتووە قاسم موسڵیح کە تۆمەتبار کراوە بە کوستنی ئەو چالاکوانە، هیچ بەڵگەیەک لە دژی نەخراوەتە بەردەستی دادگا، جگە لەوەش بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو پاسپۆرتەکەی دەرکەوتووە لە کاتی تیرۆرکردنی وەزیندا لە دەرەوەی عێراق و بووە و ئینکاریشی کردووە، کە بەشدار یان دەستی هەبوبێت لەو تاوانەدا، بۆیە دادگا هیچ بەڵگەیەکی بەردەست نەکەوتووە کە ئاماژە بکات بە تێوەگلانی لەو تاوانەدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان نا راستەوخۆ.

ئەنجومەنی دادوەریی ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ١٢ ڕۆژ لە راگرتنی بڕیاری ئازادکردن بۆ قاسم موسڵیح دەرچووە، دوای ئەوەی هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ گەیشتن بە سەرەداوەکانی ئەو تاوانە، بەڵام لایەنە پەیوەندارەکان بە لێکۆڵینەوە هیچ بەڵگەیەکیان نەخستە روو لەوبارەیەوە.

جگە لەوەش لە کاتی وەرگرتنی وتەی کەسوکار و خێزانی وەزنی ، هیچ بەڵگەیەکیان لەو بارەیەوە نەخستە روو.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەنجومەنی دادوەریی ئاماژەی بەوەکردووە، تاوانی تیرۆرکردنی وەزنی کە بە تاوانی تیرۆریستی دادەنرێت، بە گوێرەی یاسا ئەنجامدەرانی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت، بۆیە هیچ بەڵگەیەکی پێوست نەبووە لەسەر ئەوەی موسڵیح لەسەر ئەو دۆسیەیە دادگایی بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە دادگا قاسم موسڵیح فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار بە کەفالەت ئازاد کرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی ٢٧ ی مانگی ئایاری ڕابردوەوە، هێزێکی ئەمنی تایبەت قاسم موسڵیحی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبیان لە بەغدا دەستگیر کرد .

دوای دەستگیرکردنی قاسم موسڵح  فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای ئەنباری حەشدی شەعبی، دۆخی ناوچەی سەوزی بەغدا ئاڵۆزبووە و حەشدی شەعبی هێزەکانی خۆی لە ناوچەی سەوزی بەغدا بڵاوەپێکردووە و لە بەرامبەریشدا هیزە ئەمنییەکانی دیکە بەرامبەریان هاتوونەتە سەر شەقام  و دەروازە سەرەکییەکانی ناوچەی سەوز دەپارێزن.



ڕیکلام